شارپرێس:
لەکۆشکێکی شاهانەوە
بۆ ناو سەنگەرەکانی جەنگ؛ بارۆن ترەمپ دەبێتە پاڵەوانە نوێیەکەی ئەمریکا؟، نوسەرێکی
کۆمیدیو هەزاران واژۆکەر، جەنگی داهاتوی ئەمریکاو ئێرانیان کردوەتە تاقیکردنەوەیەک
بۆ ئازایەتی خێزانی ترەمپو داوای سەربازیکردنی کوڕە بچوکەکەی سەرۆکى ئهمریكا دەکەن.
ڕۆژنامەی بێڵد (Bild)ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە کە هەزاران ئەمریکی
واژۆیان لەسەر نوسراوێكى ئەلیکترۆنی کردوەو داوا لەدۆناڵد ترەمپ دەکەن، بارۆنی کوڕە
بچوکی بنێرێت بۆ بەشداریی لەڕوبەڕوبونەوە سەربازییەکان دژی ئێران.
ئەو کەمپەینە لەڕێگەی
هاشتاگی #SendBarron (بارۆن بنێرن) لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بڵاوبوەتهوە، دوای ئەوە، تۆبی مۆرتۆن نوسەری ناوداری زنجیرەی کارتۆنی (ساوس پارک
ـ South Park)، ماڵپەڕێکی تەنزئامێزی
کردەوە کە تێیدا داوای سەربازیکردنی ئەو کوڕە دەکرێت کە بە"کوڕە نازدارەکەی
ترەمپ" ناودەبرێت.
ماڵپەڕەکە پەیامی
تەنزئامێزو توند لەخۆدەگرێت، لەوانە، "ئەمریکا بەهێزە، چونکە سەرکردەکانی بەهێزن،
بێگومان بارۆن ئامادەیە بەرگریی لەو وڵاتە بکات کە باوکی بەبوێرییەوە سەرکردایەتی
دەکات".
هەروەها چەند وتەیەکی
هەڵبەستراوی تێدایە، کە یەکێکیان دراوەتە پاڵ دۆناڵد ترەمپ جونیۆر (کوڕە گەورەکەی)،
کە تێیدا دەڵێت جەنگی ئێران ساتی مێژویی بارۆنە.
بهبڕواى چاودێران،
ئامانجی ئەم کەمپەینە، ڕەخنەگرتنە لەبڕیارە سەربازییەکانی ترەمپ؛ بەکارهێنەران دەیانەوێت
بڵێن ئەگەر سەرۆکێک بڕیاری جەنگ دەدات، دەبێت ئامادەبێت کوڕهكهى خۆیشی بنێرێتە بەرەکانی
جەنگ، نەک تەنها ڕۆڵەی خەڵکی دیکە.
