سودانی و ڕوبیۆ پەیامی ترەمپیان ئاڵوگۆڕ كرد

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەمارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشت، كە داواكاری ترەمپی گەیاندو ڕایگەیاند، دەبێت دۆسیەی  گروپە چەكدارەكان و پاراستنی بیانیەكان لەناو خاكی عێراق چارەسەر بكات، سودانیش پەیامێكی بۆ ترەمپ ناردەوەو ڕایگەیاندوە، عێراق پابەندە بەپاراستنی باڵیۆزخانە، کونسوڵخانەو نێردە دیپلۆماسییەکان لەسەر خاکەکەی و وتوشیەتی، نایانەوێت لەشەڕەوە بگلێن.

 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سودانی و ڕوبیۆ باسیان لەدوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەو دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە.
 
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، سودانی بەوەزیری دەرەوەی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، "عێراق پابەندە بەپاراستنی باڵیۆزخانە، کونسوڵخانەو نێردە دیپلۆماسییەکان لەسەر خاکەکەی، ئەمەش بەشێکی سەرەکییە لەئەرکی هێزە چەکدارەکانمان بەهەموو جۆرو پێکهاتەکانییەوە."
 
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەگرنگیی بەکارنەهێنانی خاک، ئاسمان و ئاوی عێراق کردوەتەوە بۆ هەر کارێکی سەربازی کە وڵاتانی دراوسێ یان ناوچەکە بکاتە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوە کردوە، "عێراق بەهەموو دەسەڵات و هێزە سیاسی و نیشتمانییەکانییەوە، پابەندە بەو هەڵوێستە بنەڕەتییەی کە وڵاتەکەیان لەململانێ سەربازییەکان تێوەنەگلێت و رەتیشی دەکەینەوە ئاسمانی عێراق لەلایەن هەر لایەنێکەوە ببەزێنرێت."
 
هاوكات، تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕوبیۆ لەگفتوگۆکەیدا لەگەڵ سودانی، "جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری هەموو رێکارە گونجاوەکان کردوەتەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لەعێراق."
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم پەیوەندییەدا بەتوندی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئێران و گروپە میلیشیاکانی سەر بەتارانی لەناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق" سەرکۆنە کرد.
 
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەی سودانی و روبیۆ، تایبەت بوە بەدۆسیە ئابورییەکان. نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندوە، "هەردولا باسیان لەکاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی خاکی تورکیاوە کردوە".