بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێم سودانی چەند بڕیارێکی دەرکرد

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9948 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەهۆی بەردەوامبونی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر کونسوڵخانە و بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی چەند گۆڕانکارییەکی دیکەی ئەنجامدا.


بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی بەرگری عێراق کە واژۆی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی لەسەرە، بڕیاردرا بە دورخستنەوەی هەریەک لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، جەزیرە و رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین.

بەپێی بڕیارەکە، فەریق روکن نومان عەبد نەجم لە شوێنی فەریق روکن قوتەیبە موەفەق کراوەتە فەرماندەی ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی نەوینەوا، هەروەها فەریق روکن فائز فازل لەشوێنی کەسیر عەبدولڕەحمان کراوەتە فەرماندەی رۆژی ئۆپراسیۆنەکانی جەزیرە، لەهەمەمان کاتدا عیماد عوبێد لەشوێنی عەلی مسجل دەبێتە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین.

بەپێی سەرچاوەکان، زۆربەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوەندە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەو ناوچانەوە ئەنجامدەدرێن کە گۆڕانکارییەکانیان تێداکراوە، پێشتریش سودانی سەرجەم بەرپرسە هەواڵگیرییەکانی لەسنوری دەشتی نەینەوا دورخستبوەوە.