سودانی هەڕەشە لەئەمریکا دەکات: بێدەنگ نابین بەرامبەر هەر هێرشێک بۆسەر حەشدی شەعبی

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و کوژرانی دەیان ئەندامی ئەو گروپە چەکدارییە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی کۆبوەوەو رایگەیاند، بێدەنگ نابن بەرامبەر هەر هێرشێک بکرێتەسەر حەشدی شەعبی و سەرجەم هێزە فەرمییەکانی دیکە.


محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد،" ئەوانەی حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی کاری نایاسایی تۆمەتبار دەکەن، یان گێلن، یانیش بەمەبەستی چەواشەکاری ئەو کارە دەکەن ".

ئەوەشیخستەڕوو،" پێچەوانەی ئەو چەواشەکارییانەی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەوترێت، لەئێستادا ئەو هێزە لەژێر بنەمای دەستور و یاسا کاردەکات و پابەندن بە فەرمانە باڵاکانی لایەن فەرمییەکانەوە ".

سودانی وتیشی،" حەشدی شەعبی روڵی بەرچاوی هەبوو لە شکستهێنان بەو لاپەڕانەی یەکڕیزی عێراقیان دەکردە ئامانج، بە تایبەت کاتێک ولات کەوتە بەر پەلاماری داعش ".

باسی لەوەشکرد،" پارێزگاریکردن لە حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتی هەموانە و کۆمەڵێک ئاڵەنگارییمان لەبەردەمە، حەشدیش بەشێکە لە سیستمی بەرگری ئەمنی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە ".

هاوکات، سودانی داوایکرد رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت عێراق رابکێشێتە ناو ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە و بەردەوامی بدرێت بە پارێزگاریکردن لە دامەزراوەکان و بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان.