شاندێکی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوەوەو ناوەڕۆکەکەی ئاشکرادەکرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1041 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندێکی رۆژئاوای کوردستان لەدیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوەوە، ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، لەکۆبونەوەکەدا پرسی ئازادکردنی دیلەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان تاوتوێکرا.

لەسەر داواکاریى حکومەتى سوریا کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سوریا بۆ قۆناغى ڕاگوزەر ئەنجامداوە، کە پارێزگار و بەرپرسى هێزە ئەمنییەکانى حەسەکە تێیدا بەشداربون .

سیامەند عەفرین، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشى ناوخۆی حەسەکە کە ئەندامی شاندەکە بوە، لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لە کۆبونەوەکەدا کە لەسەر داوای ئەحمەد شەرع ئەنجامدرا، تاوتاوێى دۆخى ئەمنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و پرۆسەى ئاڵوگۆڕکردنى دیلەکانیان کردوە ".

بەپێی وتەی سیامەند عەفرین، ئەحمەد شەرع جەختى لەسەر کارى پێکەوەیى و ئازادکردنى دیلەکان کردوەتەوە.

سیامەند عەفرینى ڕاشیگەیاند، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکانیان تاوتوێکردنى دۆخى ئاوارەکانى عەفرین، گرێسپى و سەرێکانى و ناوچەکانى دیکە بوە و جەخت لە چارەسەرکردنى کێشەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان کراوەتەوە .

وتیشی، لە داهاتووشدا کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنى هاوبەش و چارەسەرکردنى کێشەکان.