پەیامی دوەمی پرۆژەی یەک نەتەوەو یەک چارەنوس.. "ئامادەسازی نەکرێت گۆڕانکارییەکان بەخواستی کورد نابن"

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی یەکدەنگی نەتەوەیی دوەمین پەیامی لەبارەی پرۆژەی "یەک نەتەوەو یەک چارەنوس" بڵاودەکاتەوەەو هۆشداری دەدات لەوەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەکە بەبێ ئامادەسازی‌و یەکدەنگی كورد خۆی، مەرج نییە ئەو دۆخە بڕەخسێت، کە کورد دەیخوازێت.


دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی یەکدەنگی نەتەوەیی لەپەیامێکدا بۆ هاوڵاتییان‌و کەسایەتییەکان‌و لایەنەکان دەڵێت،" ڕوداوەكانی ناوچەکە پێماندەڵێت، ناوچەکە بەگۆڕانکاری خێراو كاریگەردا تێدەپەڕێت، ئەگەر هەیە بەشێک لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێکی مێژویی بۆ کورد بڕەخسێنن، کە لە سەد ساڵی ڕابردودا چاوەڕێمان کردوە ".

دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی یەکدەنگی نەتەوەیی باسی لەوەشکرد،" زامنكردنی مافەكانی هەر نەتەوەیەك پەیوەندی بەئامادەیی‌و یەكریزی ئەو نەتەوەیە خۆیەوە دەبێت، بۆیە یەکگوتاری‌و یەکڕیزی كوردان لەم دۆخەدا چیتر وەک تەنها بژاردەیەکی سیاسی‌و حزبی نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە پێویستییەکی مێژویی، نەتەوەیی‌و جڤاكی بۆ پێناسەكردنەوەو ئامادەسازی بۆ دۆخێکی نوێ، دۆخێک، هەم دەرفەتی مێژویی تێدا دەبینرێت، هەم مەترسی".

لەپەیامەکەدا ئەوەش هاتوە،" ئێمە وەك دەستەیەكی فراوان لەتوێژە جیاجیاكانی کوردستانیان، لە ئاستی ناوخۆ و دیاسپۆرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەیەكی یەکدەنگی نەتەوەییمان ڕاگەیاند. لە ڕاگەیاندنەکەدا ئەم شەش خاڵەمان بە بنەما گرتوە":

١. هەوڵدان بۆ بنیاتنانی گوتارێکی نیشتمانی هاوبەش، گوتارێکی شارستانیانە كە زیاتر بچێتە خزمەتی پرسی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی گەلان و بەیەکەوە ژیان.

٢. دورکەوتنەوە لە ململانێی نادروستی سیاسی، کاڵکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان و تێپەڕاندنی بەرژەوەندی بچوک و تەسکی حیزبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی.

٣. بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێتە چەقی کاری سیاسی هاوبەش. هەوڵدان بۆ دورکەوتنەوە لە هەر گوتارێکی پەڕگیری ئایدیۆلۆژی و توندڕەوی نەتەوەیی، کە خزمەت بە پرسی گەلی کورد نەکات.

٤. دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئاراستەی ململانێ و جەنگ بەرەو کوێ دەڕوات، کورد چی بکات، بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە کام گۆشەی ململانێکاندا دەبینرێتەوە.

٥. پێکهێنانی دەستەیەکی نیشتمانی هاوبەش بۆ کاری سیاسی و دیپلۆماسی، پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دنیا و ڕوونکردنەوەی دیدی هاوبەشی کوردی بۆ دۆخی ناوچەکە و مافەکانی کورد.

٦. هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەترێکی نیشتمانی بۆ کاری هاوبەش، گفتوگۆ و ڕوبەڕوبونەوەی قەیران و مەترسییە سیاسی، ئابوری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان. بەر لەوەی مەترسییەکان بگەنە نێو ماڵەکانمان، پلان و بەرنامەی ئەگەری ڕودانیان، ڕوبەڕوبونەوەیان دابنێین.

  تا ئێستا ژمارەیەک حزب و هێزی سیاسی، ناوەندی ڕۆشنبیری، کولتوری و کەسایەتی، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاندوە.


دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەکە دەشڵێت،" ئەم پشتیوانییە بۆ دۆزی کورد، جێگەی دڵخۆشی‌و سوپاسگوزاری ئێمەیە، هەر وەک چۆن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەپرسی ڕەوای گەلی کوردی دەبینین، لێرەوە بەدەرفەتی دەزانین، جارێکی دی داوا لە حزبەکان، ناوەندەکانی ڕۆشنبیری‌و کولتوری، کەسایەتی و تەواوی نیشتمانپەروەران بکەین، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم پڕۆژە نەتەوەییە پیشانبدەن‌و هەموان بەیەکەوە بەرەو قۆناغی داهاتویەکی باشترو پڕ ئومێدتر هەنگاوبنێین و، بەیەکەوەش ئامادەسازی بۆ بەستنی کۆنفرانسێک بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنێتی پلان و بەرنامەی کار، سەرخستن و دیاریکردنی میکانیزمەکانی خستنە سەرپێی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.