شارپرێس:
پارێزگاری هەولێر دەنگۆی کاراکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی لەهەولێر بۆ ماوەی
چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو رەتدەکاتەوەو دەڵێت، زۆر جار فڕۆکە جەنگییەکانیش بەشداری
کاران لە پاراستنی ئاسمانی شارەکە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە
سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەولێر تەنیا لە چەند کاتژمێرێکی دیاریکراودا کارادەبێت،
ڕایدەگەیەنێت،" سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە".
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت،" هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە، سیستەمی
دژە موشەک و دژە درۆن لە ئاسمانی هەولێر، بە شێوەی 24 کاتژمێری و لە بەرزترین ئاستی
تەکنەلۆژیای جیهانیدا لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک ".
ئەوەشیخستەڕوو،" پاراستنی ئاسمانی پایتەخت پرۆسەیەکی بەردەوامە و هیچ
کاتێک رانەگیراوە؛ گەلێک جاریش فڕۆکە جەنگییەکان بەشداری کاران لە پاراستنی ئاسمانی
شارەکە و تێکشکاندنی ئەو درۆن و موشەکانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان
".