سوریا شاڕێی نوێی بازرگانیی.. گەیشتن بەکەنداو تەنها لەچوار ڕۆژدا

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی گرنگی ئابوریی‌و سیاسیی ناوچەکەدا، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، خاکی سوریا وەک ڕێڕەوێکی وشکانیی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کاڵاو شمەکەکانی بەرەو وڵاتانی کەنداو بەکاردەهێنێت، ئەم بڕیارەش دوای ئەوەدێت، کە داخستنی گەروی هورمز شڵەژانێکی گەورەی لەبازرگانی دەریاییدا دروستکردوە.


عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی تورکیا ئاشکرایکرد، دوای هەوڵێکی چڕو دیپلۆماسی، توانیویانە ڤیزای تێپەڕبونی 15 ڕۆژە بۆ شۆفێری بارهەڵگرە تورکەکان دابینبکەن تا بەناو خاکی سوریادا بگەنە کەنداو.

سەرچاوەكانیش دەڵێن، بەهۆی ئەم ڕێڕەوە نوێیەوە، کاڵا تورکییەکان تەنها لەماوەی سێ‌ بۆ چوار ڕۆژدا دەگەنە هەموو وڵاتانی کەنداو، ئەمەش کاتێکی پێوانەییە بەراورد بەڕێگەکانی پێشوو.

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەناردەی تورکیا بۆ کەنداو لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا 36.5% کەمیکردبوو، بەڵام ئەم ڕێڕەوە نوێیە، ئومێدی گەورەی بۆ بازرگانان گەڕاندوەتەوەو داواکارییەکی زۆر لەسەر کاڵای تورکی دروستبوەتەوە.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لەڕێککەوتننامەی ئازادکردنی جوڵەی گواستنەوە (ترانزێت) کە لەمانگی ئابی ڕابردوەوە لەنێوان تورکیاو سوریا چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەكو چاودێران دەڵێن، ئەم پێشهاتە تەنها گۆڕانکارییەکی بازرگانی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونە بۆ گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەو هەوڵی وڵاتان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی ئارام لەکاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا.