کەنەکە: سەرەڕای بەفەرمی ناساندنی کۆمەڵکۆژی کوردانی فەیلی، هێشتا ئازاری بنەماڵەکانیان بەردەوامە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 85 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پەیامێک لەبارەی یادی 46 ساڵەی کۆمەڵکۆژی کوردانی فەیلی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو تاوانانەدا  سەرەڕای بە فەرمی ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید، مافی کوردانی فەیلی بە ناتەواوی ماوەتەوە و فایلی بێسەروشوێنەکان بە کراوەیی ماوەتەوە و ئازاری بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامە ".

دەقی پەیامەکە:

لەم ڕۆژانەدا یادی 46 ساڵەی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەینەوە کە بەسەر کوردانی فەیلیدا هات، تاوانێک کە ڕژێمی پێشووی بەعسی سەردەمی سەدام حوسێن ئەنجامیدا. ئەم تاوانە بریتی بوو لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و جینۆساید و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی توێژێکی دانەبڕاوی گەلی کورد.
کوردانی فەیلی لە یەکێک لە تاوانە نامرۆڤایەتییەکانی مێژووی عێراقی مۆدێرندا ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی سیستماتیکی دەستبەسەر و ڕاگواستنی زۆرەملێ لە زێدی خۆیان کۆمەڵکوژیی بوونەوە. دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا  گیرا و هەزاران لەگەنجەکانیان لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا بێسەروشوێن کران. چارەنووسی بەشێکی زۆریان تا ئەمڕۆش بە نادیاری ماوەتەوە،
ئەم یادکردنەوە تەنها بیرهێنانەوەی ئازارەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکو ساتێکی بەرپرسیارێتییە بۆ نوێکردنەوەی داواکاری دادپەروەریی و چاکسازیی. سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو تاوانانەدا ی سەرەڕای بە فەرمی ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید، مافی کوردانی فەیلی بە ناتەواوی ماوەتەوە و فایلی بێسەروشوێنەکان بە کراوەیی ماوەتەوە و ئازاری بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامە.
بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەینەتەوەیی کوردستان بانگەوازیی خۆمان بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق دووپات دەکەینەوە کە هەنگاوی کۆنکرێتی و جددی بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و گەڕاندنەوەی ماف و موڵک و ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکان و گەرەنتیکردنی ئەوەی کە لە داهاتوودا ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە.
هەروەها جەخت دەکەینەوە لە گرنگی خستنەڕووی ناوچەکانی فەیلی لە پلانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و کارکردن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانیان و بارودۆخی ئابوری و دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی شکۆدار و پارێزراوی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جگە لەوەش پێویستە ئەوەشوو بگوترێت کە یەکگرتوویی ناو ماڵی کۆمەڵگەی فەیلی بەردی بناغەی گەڕاندنەوەی مافەکانیانە، ئەمەش پێویستی بە گرنگیدان بە بەرژەوەندی گشتی و کارکردنی پێکەوەیی و وەلانانی جیاوازی و دووبەرەکییە ناوخۆییەکان هەی. هەروەها هێز و لایەنە کوردییەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان لە ئەستۆدایە کە ئەم پرسە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆبزی بەرفراوانی کورد لە باوەش بگرن.
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، بەڵێنێکی نوێبوونەوەی دڵسۆزییە بۆ قوربانیدانی کوردانی فەیلی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمانە بە درێژەدان بە خەباتی ئاشتیانە و یاسایی بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی و یەکسانیی.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە یادی ئەم کارەسات و فەرمانە لە دژی گەلەکەمان بەبیر دێنینەوە، سەری رێز و نەوازش لە بەردەم پاکڕەوانانی کوردانی فەیلی دادەنیوێنین و داوای مافەكانیان لە عێراق و كوردستان و سەكۆ نێودەوڵەتیەکان بە ڕەوا دەزانین و ھەوڵ و خەبات و تێكۆشانی لە پێناودا دەكەین.
سڵاو لە گیانی پاكی قوربانیانی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی و تەواوی گیانبەختكردوانی ڕێگای ڕزگاری كورد و كوردستان.

كۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2026.04.05 برۆکسل