شارپرێس:
دەزگای دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانیی کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گشتیی نێودەوڵەتیی ئەڵمانییه، لەڕاپۆرتێکی شیکارییدا باسی لەوەکردوە، سەرەڕای ئەو گورزە توندانەی بەر ڕژێمی ئێران کەوتون، هیچ نیشانەیەک بۆ ڕوخانی نزیک یان درز لەجەستەیدا نابینرێت.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەدوای کوژرانی عەلی خامنەییو سەرکردە باڵاکان لەهێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا، وا گوماندەکرا ڕژێمەکە بڕوخێت، بەڵام تێپەڕبونی پێنج هەفتە بەسەر شەڕەکەدا دەریخست کە ئەمە تەنها خەیاڵپڵاوی بوە، بەشێوەیەک ئێستا ڕژێم بەیەکگرتویی ماوەتەوە، بازنەی هێرشە موشەکیو درۆنییەکانی فراوانترکردوەو بازاڕی وزەی جیهانیشى پەکخستوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "ستراتیژی سەربازیی ئێران لەسەر بنەمای "بەرگریی پیرۆزو بەرگریی مۆزاییکی" داڕێژراوە، ئەمشێوازە کە لەساڵی 2005وە پەرەیپێدراوە، ڕێگەدەدات تەنانەت ئەگەر سەرکردە باڵاکانو بنکە سەرەکییەکانی تاران لەناوبچن، 31 یەکەی فەرماندەیی سەربەخۆ لەپارێزگاکاندا بتوانن بۆ ماوەی چەندین مانگ بەسەربەخۆیی بڕیاربدەنو شەڕبکەن، ئەمەش وایکردوە لەناوبردنی سەری دەسەڵات نەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی سوپا.
لەلایەکی دیكهوه، شەڕەکە باڵە "براگماتییەکان"ی وەک عەلی لاریجانی لەناوبردو پێگەی سەربازییەکانی لەسەر حسابی مەدەنییەکان بەهێزترکرد، چاودێرانیش پێیانوایە، شەڕەکە هاوسەنگیی هێزی بۆ سودی سوپای پاسداران گۆڕیوەو ڕەوایی بەهۆشدارییەکانی ئەوان داوە.
لەوبارەیەوە میشائیل لۆدەرز شارەزای ئەڵمانی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت، "ڕژێم دەتوانێت ساڵانێکی زۆر خۆڕاگربێتو هێرش بۆسەر ئامانجە مەدەنییەکان ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک لەدەوری ڕژێم کۆببنەوەو تەمەنی دەسەڵاتەکەی بۆ نەوەیەکی دیكهش درێژبکاتەوە".
لهلایهكى دیكهشهوه کاتاجۆن ئەمیرپور پڕۆفیسۆر، نوسەرو شارەزای ئێرانی-ئەڵمانی لەبواری ئیسلامناسیو مێژووی فیکریی ئێراندا، داوای دەرەکی بۆ ڕوخاندنی ڕژێم لەژێر بۆردوماندا بە"ساویلکەیى" ناودەبات، چونکە وهكو ئهو دهڵێت، "ڕژێم هێشتا خاوەنی یەک ملیۆن چەکدارە بۆ سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتییەک"، هەروەک سەبارەت بەسیناریۆکانی "ڕۆژی دوای ڕوخان"، مێژونووس یۆرگن لێلتیشەر دەڵێت، "هیچ پلانێکی درێژخایەن لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بۆ داگیرکردنی ئێران یان بونیادنانی سیستەمێکی نوێ نییە".
بێنتی شێلەر-یش وهك توێژەری سیاسیی ئەڵمانیی، هۆشداریدەدات کە نەبونی دامەزراوەی جێ متمانەو نائومێدی هاوڵاتیە چەکدارەکان، دەبێتە هۆی شکستی دەوڵەتو سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی وەک ئەوەی لەعێراقو لیبیا ڕویدا لەکۆتاییشدا، دورنییە دوای لاوازکردنی ڕژێم، ئەمریکاو ئیسرائیل بکشێنەوەو جارێکی دیكه پیاوانی ئایینی دەسەڵاتی خۆیان بەهێزبکەنەوە.
