تاران دەروازەی هورمز دەکاتەوەو ئامادەکاریی بۆ دیداری لوتکە لەگەڵ واشنتۆن دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە دەکرێت تەنگژەکانی ناوچەکە بەرەو هێوربونەوەیەکی گشتگیر ببات، بەرپرسێکی باڵای ئێران بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوه‌، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیە ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینی کۆتوبەندەکانی سەر گەروی هورمز لاببات‌و ڕێڕەوەکە بەڕوی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە.


ئەم بڕیارە مێژوییەی تاران بەستراوەتەوە بەگەیشتن بەچوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، بڕیارەکەش تەنها چەند کاتژمێرێک پێش کۆبونەوەیەکی چارەنوسساز دێت کە بڕیارە لەنێوان وه‌فدى ئێرانی‌و وه‌فدێكى باڵای ئەمریکی لەپاکستان بەڕێوەبچێت.

چاودێران پێیانوایه‌، کردنەوەی گەروی هورمز وەک نیازپاکی‌و مەرجێکی سەرەکی ئەمریکا سەیر دەکرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەئیسلام ئاباد، هاوكات ئەم هەواڵە دەستبەجێ کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی نەوت‌و دڵنیایی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی (وەک مێرێسک) دەبێت کە بەهۆی داخستنی گەروەکەوە توشی زیانی گەورە ببون‌و نیشاندەری سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان‌و وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ ڕێگریی لەجەنگێکی سەرتاسەریی.

شارەزایان پێیانوایە، ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ناوچەکە دەچێتە قۆناغی هێورکردنەوەی گەورەو ڕێگه‌ خۆشدەکات بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن کە تێیدا دۆسیە ئاڵۆزەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران بخرێنەسەر مێزی گفتوگۆ.

بەپەلە