شارپرێس:
ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا کاردانەوەی توندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە، بەشێوەیەک یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، هێرشی کردە سەر ئەم هەنگاوە و بە "کارەساتێکی سیاسی" بۆ بنیامین نەتانیاهۆ وەسفی کرد.
لاپید لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X نووسیویەتی: "لە مێژووماندا کارەساتی سیاسی وا ڕووی نەداوە، ئیسرائیل تەنانەت لە نێو کۆبوونەوەکانیشدا نەبووە کاتێک بڕیار لەسەر ئاسایشی نەتەوەییمان دراوە."
ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە سوپا ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام نەتانیاهۆ لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە شکستی هێناوە و نەیتوانیوە هیچ ئامانجێک بپێکێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە چاککردنەوەی ئەم زیانانە ساڵانێکی زۆری دەوێت.
لە بەرەی حکومەتەوە، تسبیکا فۆگڵ لە فراکسیۆنی "عوتسما یەهودیت" بە شێوازێکی تەنزئامێز نووسیویەتی: "دۆناڵد، بوو بە مراوی!"، کە ئەمەش وەڵامی توندی بەشێک لە ئەندامانی کنێستی لێکەوتۆتەوە.
هەروەک یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان، نەتانیاهۆی بە درۆزن ناوبردووە و وتویەتی: "بەڵێنی سەرکەوتنی مێژوویی دا، بەڵام گەورەترین شکستی ستراتیژی بۆ هێناین."
گۆلان ئاماژەی بەوە کردووە کە خوێنی زۆر ڕژاوە و سوپا دەستکەوتی هەبووە، بەڵام حکومەتە توندڕەوەکەی نەتانیاهۆ-سمۆتریتچ-بن غەڤیر نەیانتوانی ئەم دەستکەوتانە بکەنە ئاسایشێکی سیاسی.
ئاڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی "ئیسرائیل بێتەنو"، هۆشدارییداوە کە ئەم ئاگربەستە هەلێکە بۆ ڕژێمی ئێران تا خۆی ڕێک بخاتەوە و پێی وایە هەر ڕێککەوتنێک بەبێ ڕاگرتنی پڕۆژەی ئەتۆمیی و موشەکیی ئێران، ئیسرائیل ناچار دەکات لە داهاتوودا بە باجێکی قورستر بگەڕێتەوە بۆ جەنگ.