دوای چەند هەفتە لەڕوبەڕوبونەوە.. ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا چۆن هاتە کایەوە؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕوبەڕوبونەوەی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو ئێران دوای چەند هەفتەیەک لە پەرەسەندنی سەربازی بێپێشینە کە ناوچەکەی خستبووە سەر لێواری جەنگێکی فراوان، چووە قۆناغی هێورکردنەوەیەکی کاتییەوە.

 
 ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی ئەو هاوسەنگییە وردە هاتە کایەوە کە ڕاستییە مەیدانییەکان و فشارە ئابوورییەکان سەپاندیان. 

قەیرانەکە لە کۆتایی شوباتی 2026 دەستی پێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵمەتێکی سەربازییان دژی پێگەی هەستیار لە ناوخۆی ئێران دەستپێکرد، کە دامەزراوەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی و ژێرخانی سەربازیی گرتەوە، بە ئامانجی لاوازکردنی توانای ستراتیژیی تاران و کەمکردنەوەی جووڵە هەرێمییەکانی.

لەلایەکی ترەوە ئێران تەنها بە وەڵامدانەوەی کلاسیکی نەوەستا، بەڵکو هەوڵیدا مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکە لە ڕووی جوگرافییەوە فراوانتر بکات و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.

 لەم چوارچێوەیەدا تاران گەرووی هورمزی وەک کارتێکی فشاری ستراتیژیی بەکارهێنا و کاریگەریی دروستکردە سەر جووڵەی دەریاوانی، ئەمەش بازاڕە جیهانییەکانی تووشی شۆک کرد و وای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد هەوڵەکانیان بۆ ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی کراوە چڕتر بکەنەوە.

لە ئەنجامی ئەم فشارانەدا، تێگەیشتنێکی ڕانەگەیەندراو بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دروستبوو، کە مەرجی سەرەکیی تێیدا کراوەهێشتنەوەی گەرووی هورمزە بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا، چونکە وەک هێڵێکی سووری نێودەوڵەتیی دەبینرێت.

 لە بەرامبەر ئەمەدا، هێرشە سەربازییەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕاگیران تا دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بڕەخسێت. ئەم ڕەوتە گۆڕانکارییەکی ڕوون لە هەڵوێستی ئێران نیشان دەدات، کە لە هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و فراوانکردنی شەڕەوە گۆڕا بۆ قبوڵکردنی سنوورەکانی هێورکردنەوە.
 بڕیاری ئەمریکاش بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان نیشانەی تێگەیشتنی ئەوانە بۆ پەیوەندیی نێوان ئاسایشی وزە و سەقامگیریی جیهانی. 

هەرچەندە ئەم ئاگربەستە وەک پشوویەکی کاتی دەردەکەوێت، بەڵام دۆسیە بنەڕەتییەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمیی و ڕۆڵی هەرێمیی ئێران هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ڕەنگە لە هەر ساتێکدا ببنە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان، چونکە ئەوەی هەیە تەنها بەڕێوەبردنی وریایانەی قەیرانەکەیە نەک چارەسەرێکی کۆتایی.


بەپەلە