شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ساتەوەختێکی پڕ لەسۆزو هاوسۆزیی بوو لەنێوان سەرۆکی ئۆکرانیاو پاشای سوید، بەڵام پرۆتۆکۆڵە توندەکانی کۆشکی شاهانەی ستۆکهۆڵم، دیمەنێکی جیاوازیان خوڵقاند، بەگوێرەی زانیارییە مەیدانییەکانو گرتە ڤیدیۆییەکان، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەکاتی پێشوازیکردن لەپاشا کارل شازدەیەمی گوستاف، توشی دۆخێکی ئیحراجکەر بوهوەو پاشا كارل تهوقهو باوهشى سهرۆكى ئۆكرانیاى ڕهتكردهوه.
سەرۆکی ئۆکرانیا کە بەشێوازە گەرمو جەماوەرییەکەی ناسراوە، ویستی بەباوەشێکی کراوە پێشوازیی لەپاشا بکات، بەڵام پاشای سوید بەوپەڕی ساردیو بەپشتبەستن بەپرۆتۆکۆڵە مێژوییەکانی بنەماڵەی (بێرنادۆت)، مەودایەکی فەرمی پاراستو ڕەتیکردەوە بچێتە ناو باوەشی سەرۆکی ئۆکرانیا یان تەنانەت تەوقەیەکی ئاساییش بکات.
ئەم ڕەفتارەی پاشا، کە تێیدا دیواری پرۆتۆکۆڵی نێوان پاشایەکی دەستورییو سەرۆکێکی جەنگی نیشاندا، زێلێنسکی بۆ چەند چرکەیەک لەبەردەم کامێراکاندا لەدۆخێکی نالەباردا هێشتەوە.
چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، پاشای سوید ویستویەتی پەیامێک بگەیەنێت کە "شکۆو مەودای شاهانە" لەسەروو هەموو بارودۆخە سیاسییەکانەوەیە، تەنانەت ئەگەر لەناوجەرگەی جەنگیشدا بێت.
ئەم دیمەنە بوەتە جێی مشتومڕی زۆر؛ ئایا ئەمە تەنها پابەندبون بوو بەیاسا کۆنەکانی کۆشک، یان ئاماژەیەکی ساردی دیپلۆماسی بوو کە سێبەری خستەسەر گەرمی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات؟.
بهگوێرهى چهند سهرچاوهیهك، لەجیهانی پاشایەتیو بەتایبەتی لەپرۆتۆکۆڵی شاهانەی ئەوروپیدا، دەقو ڕێسای زۆر توند هەن کە ڕێگریی لەبەرکەوتنی جەستەیی (وەک باوەشو ماچ) دەکەن، بۆ نمونه ڕێسای دەست لێنەدان، لەزۆربەی پاشایەتییەکانی ئەوروپا (لەوانەش سوید)، پرۆتۆکۆڵ دەڵێت نابێت هیچ کەسێک دەست بۆ پاشا یان شاژن درێژبکات یان دەستیان لێبدات، مەگەر پاشا خۆی یەکەمجار دەست درێژ بکات، دواتر جهختدهكهنهوه، لهباوەشکردن بەهەموو شێوەیەک لەپرۆتۆکۆڵی فەرمیدا قەدەغەیە، چونكه ئهوان دهڵێن، پاشا نوێنەری شکۆی دەوڵەتەو دەبێت مەودایەکی فەرمی بپارێزێت.
ههربۆیه كاتێك پاشاى سویدو سهرۆكى ئۆكرانیا دهچنه ژورهوه، پاشا خۆى دهست بۆ تهوقهكردن درێژدهكاتو ئهو یاساو ڕێسایانه ناشكێنێت كه بۆى دیاریكراوه.
