رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی وردەکاریی رێکەوتنێکی گەورە لە نێوان تاران و واشنتۆن ئاشکرادەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم زانیاری نەبیستراو لەبارەی رێککەوتنێکی نوێی سەرەتایی لەنێوان ئێران و ئەمریکا ئاشکرادەکاتم کە تێیدا ئێران سازشی لەسەر چەندین پرسی گرنگ کردوە، لەوانەش رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.


رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم لەزاری سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردوەتەوە، ئێران وەک سەرەتا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر لایەنی وەرگرەکە ماوە و سێ بژاردەی سەرەکی لەبەرچاو دەگیرێن، ئەوانیش بریتین لەڕوسیا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، یان خودی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکان، واشنتۆن دەیەوێت خۆی چاودێری ڕاستەوخۆی ماددە ئەتۆمییەکان بکات، بەڵام تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕۆڵی ئەمەریکا سنوردار بێت بە چاودێریی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیەوە.

هاوکات، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران نەرمییەکی ڕێژەیی نیشانداوە سەبارەت بە پشتیوانی لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، پێشنیاری کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان و ئاڕاستەکردنەوەیان بۆ هاوکاری مەدەنی و ئاوەدانکردنەوە، بەتایبەتی لە لوبنان کردووە.

تاران هەروەها ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لە کرێی ترانزێت لە گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لە یەک کاتدا، سەرەڕای ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

ئۆفەرەکەی ئەمریکا باس لە ئازادکردنی نزیکەی 20 ملیار دۆلار لە سامانی بلۆکەکراوى ئێران لەخۆدەگرێت، کە تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی و مەدەنی تەرخان دەکرێت. سەرەڕای ئەم نیشاندەرانە، پرسە هەستیارەکانی وەک بەرنامەی مووشەکی هێشتا وەک خاڵێکی سەرەکی مشتومڕلەسەر ماونەتەوە و سوپای پاسداران هەرچەشنە سنووردارکردنێک بۆ توانا سەربازییەکانی ڕەتدەکاتەوە.