چوارچێوەی هەماهەنگی سبەی کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلادەکەنەوە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 67 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

فیراس موسلماوی وتەبێژی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرایکرد، دوو میکانیزمی تایبەت پێشنیارکراون بۆ چارەسەرکردنی پرسی دیاریکردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

 

وتەبێژی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دەڵێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە یەکێک لەو پێشنیارانە کاندید هەڵدەبژێرن.

ڕاشیگەیاند، "سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە کاندیدی داهاتوو لەسەر بنەمای سیستەمی زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت بۆ دڵنیابوون لە قبوڵکردن و بەردەوامبوون لە پێکهێنانی حکومەت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "گفتوگۆکانی ئێستا لەسەر یەکلاییکردنەوەی میکانیزمی دوو لەسەر سێیە، دوو بژاردە پێشنیارکراون، یەکەمیان پشت بە دەنگی دوو لەسەر سێی سەرکردەکانی هێزەکانی ناو چوارچێوەکە دەبەستێت، دووەمیش پشت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەبەستێت کە تایبەتن بە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی".

موسلماوی ئاماژەی بەوەدا کە "کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە یەکلاکەرەوە دەبێت لە هەڵبژاردنی یەکێک لەم دوو میکانیزمە بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی کاندیدکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەستپێبکات".

ئێوارەی دووشەممە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، کۆبوونەوەکەش بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخرا.