توركیا له‌باره‌ى پارێزگارە توركمانه‌كه‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پێشوازیی لەدەستبەکاربونی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵو وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک ده‌كات، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو بەفەرمی بڕوانامەی دەستبەکاربونی لەسەرۆکایەتی کۆماری عێراقه‌وه‌ وەرگرت.


وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا لەڕاگەیەندراوەکەیدا جەختیکردوەتەوە، هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک، کە شارێکی خاوەن فرەچەشنی کولتوریی‌و کۆمەڵایەتییە، پێشکەوتنێکی بەرچاوو مێژوییە.

ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د سه‌معان وه‌ك پارێزگارى نوێى كه‌ركوك لەدادگای شاره‌كه سوێندى یاسایی خوارد

تورکیا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە گوزارشت لەنوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە دەکات‌و دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەناوچەکەدا.

لەبەشێکی دیكه‌ى ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "تورکیا ئەم دەستبەکاربونە وەک دانپێدانانێکی مێژویی بەمافە ڕەواکانی تورکمانەکان دەبینێت، کە وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن‌و دانەبڕاو لەعێراق‌و کەرکوکن".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ شێوازی دابەشکردنی خولانەوەی پۆستە باڵاکانی کەرکوک دەربڕیوەو ده‌ڵێت، "ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای تەوافوق‌و ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان دامەزراوە، ئەمەش نەک تەنها بۆ تورکمانەکان، بەڵکو بۆ سەرجەم نەتەوەو پێکهاتەکانی دیكه‌ى شارەکە دەستکەوتێکی دادپەروەرانەیە".

لەکۆتاییدا، حکومەتی تورکیا هیوای خواستوە ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە ببێتە هەوێنی ئارامی، ئاسایش‌و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ تەواوی خەڵکی عێراق بەگشتیی‌و دانیشتوانی کەرکوک بەتایبەتی.