ڕوسیا: جیهان بەرەو ململانێی ڕاستەوخۆی هێزە ئەتۆمییەکان دەڕوات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداری دا کە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بواری ئەتۆمدا بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی مۆسکۆ دەخاتە مەترسییەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەکی چەکداریی ڕاستەوخۆ لە نێوان زلهێزە ئەتۆمییەکاندا
.

ئەندرێ بێلۆسۆڤ، سەرۆکی شاندی ڕووسیا لە کۆنفرانسی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، ڕایگەیاند کە کردەوەکانی ڕۆژئاوا پێشێلکارییە بەرامبەر بەو بەڵێننامەیەی کە ساڵی 2022 لە نێوان پێنج زلهێزە ئەتۆمییەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە جەنگی ئەتۆمیی واژۆ کراوە. 
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سیاسەتی (ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە) پەیڕەو دەکەن، کە ئامانجەکەی بەدەستهێنانی سەروەریی سەربازییە بەسەر ڕووسیا و چیندا. 

بە گوتەی بێلۆسۆڤ، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەم هەنگاوانەیان دەستیان بە یارییەکی زۆر مەترسیدار کردوەو هەوڵ دەدەن چەکە ئەتۆمییەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە بەکار بهێنن.

بڕیاریشە کۆنفرانسی یانزەیەمینی پێداچوونەوە بە پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەنێوان 27ی نیسان تا 22ی ئایار لە شاری نیویۆرک بەڕێوە بچێت.