"دەوڵەت وەک دەرکەوتەیەکی مێژوویی"

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 105 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسیی بیرمەندی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەبێت سەرەتا لەو ڕاستییە ورد ببیینەوە کە ئەو دژ بە دەوڵەت نییە وەک "تەنێکی ڕەها" یان دەرکەوتەیەکی مێژوویی. ئۆجەلان دەوڵەت وەک بەرهەمی قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەسەندنی شارستانییەت دەبینێت کە بۆ ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەری هەڵداوە. کەواتە ڕەخنەی ئەو بۆ خودی دەزگاکە نییە، بەڵکو بۆ ئەو فۆرمە توندڕەو و "پیرۆزکراوەیە" کە لە چەند سەدەی دواییدا بە ناوی "دەوڵەت-نەتەوە" بووەتە بەربەست لەبەردەم ئازادیی گەلان.

ئۆجەلان لە "مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک"دا، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە ناسینی دەوڵەتدا دەکات لە "چییەتی"یەوە بۆ "چۆنییەتی": وەرچەرخانە فینۆمینۆلۆجییەکە. ئەو لەبری پرسیاری کلاسیکی "دەوڵەت چییە؟" (کە پرسیارێکی تیۆری و جەوهەرییە)، پرسیارێکی فینۆمینۆلۆجییانە دەخاتە ڕوو: "دەوڵەت چۆنە؟".
ئەم گۆڕینی پرسیارە واتای ئەوەیە کە دەوڵەت چیتر تەنها پێناسەیەکی یاسایی و سیاسیی وشک نییە لە ناو کتێبەکاندا، بەڵکو "واقیعێکی زیندووە" کە مرۆڤەکان ڕۆژانە ئەزموونی دەکەن. ئۆجەلان بە واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکە دەکات؛ ئەو دەوڵەت وەک ئەو پەیوەندییە کردەییە دەبینێت کە لە ناو جەستە، هۆشیاری و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانماندا ئامادەیە. تێپەڕاندنی پێناسەی کلاسیک لێرەدا دەردەکەوێت: ناسینی دەوڵەت لە ڕێگەی "ئەزموونی ژیانەوە"، نەک لە ڕێگەی دروشمە ڕووتەکانەوە.
بەربەستی "پیرۆزییەکان" و سەرچاوەی دژە-کوردبوون
ئەوەی کورد ناتوانێت لە ناو سیستەمی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە خاوەن دەوڵەت، پەیوەندی بەو "پیرۆزییە" چەقبەستووانەوە هەیە کە دەوڵەت-نەتەوەی لەسەر بونیاد نراوە. دروشمەکانی وەک "یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان"، دەوڵەتیان لە دەزگایەکی خزمەتگوزارییەوە گۆڕیوە بۆ خوداوەندێکی سیاسی.
ئەم پیرۆزییانە لە هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستاندا، بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی "دژە-کوردبوون". چونکە لە سیستەمێکدا کە تەنها یەک ناسنامە بە ڕەوا دەبینێت، بوونی کورد وەک هەڕەشە بۆ سەر "پیرۆزیی دەوڵەت" دەبینرێت. لێرەوەیە کە کورد زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی تر ئازارەکانی دەوڵەتی وەک ئەزموونێکی تاڵ چەشتووە.
ئۆجەلان لە خوێندنەوەی بۆ دۆخی کورد، پەنا بۆ واقیعبینی دەبات. ئەو پێی وایە لەم سەردەمەدا و لە ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرفەتە مێژوویی و سیاسییەکان بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد زۆر ئاستەم و دژوارن، ئەگەر تا ڕابردویوکی نزیک هەندێک سەرنج  لەسەر ڕونینەکانی ئۆجالان هەنوبێت ئەوا  ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئێران_ئەمریکا_ ئیسرائیل  زیاتر وەڵامدەرەوە دەبێت بۆ تێگەشتن لەتێزەکانی ئۆجالان . ئەو باس لەوەدەکات  ئاستەنگییەکانی بەردەم دروستکردنی دەوڵەتی کوردی  تەنها پەیوەندی بە ئیرادەی کوردەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سروشتی سیستەمی جیهانی و بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانەوە هەیە کە خاکەکەیان داگیر کردووە.
هەر بۆیە، لەبری خەرجکردنی هەموو وزەی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی ئاوا ئاستەم کە لەوانەیە تەنها بازنەی توندوتیژی و ستەمکاری دووبارە بکاتەوە، ئۆجەلان پێشنیار دەکات باشترە کورد بیر لە چەمکی پێکەوەژیان و "نەتەوەی دیموکراتیک" بکاتەوە.
ڕێگەی دەربازبوون: پێکەوەژیان و ئیرادەی دیموکراتیک
وەڵامی ئۆجەلان بۆ ڕزگاربوون لە ژێر ستەمی دەوڵەت، لە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگەدا کورت دەبێتەوە. ئەو پێشنیار دەکات کە کورد لەبری هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە، هەوڵ بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک) بدات.
لەم مۆدێلەدا، فرەیی زمان و کلتوورەکان دەبنە مانا بۆ ژیان، نەک هەڕەشە. ئەمە واتای پاشەکشە نییە لە مافەکان، بەڵکو گەڕانە بەدوای شێوازێکی نوێی "بوون" لە جیهاندا کە تێیدا کورد بتوانێت ئازادانە و لەگەڵ گەلانی تری ناوچەکەدا بژیت، بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە ناو قاڵبی تەنگی دەوڵەت-نەتەوەدا کە مانا لە ژیانی زیندووی مرۆڤ دەبڕێت، خۆی بەند بکات.
حەکیم  عەبدوالکریم