ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لەناو خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دروستکردوە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9447 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ى ئه‌مریكى ئاشكرایكردوه‌، ئیسرائیل لەناوجەرگەی بیابانه‌كانى عێراقدا بنکەیەکی سەربازیی نهێنی بۆ وەشاندنی گورز لەئێران دامەزراندوەو بۆ پاراستنی نهێنیی ئەو بنکەیەش، هێرشیکردوەتەسەر سەربازانی سوپای عێراق.


ڕۆژنامە ئه‌مریكیه‌كه‌ لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوه‌، ئیسرائیل بەهەماهەنگی‌و ئاگاداریی ئەمریکا، بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لەبیابانەکانی عێراقدا دامەزراندوە، ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک بوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر) دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

هه‌روه‌ك له‌زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەدا هاتوه‌، "ئامانجی بنکەکە وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌و بنکەیەک بۆ هێزە تایبەتەکان (کۆماندۆ) بەکارهاتوە، تیمەکانی گەڕان‌و ڕزگارکردن لەو بنکەیە جێگیرکراون بۆ ئەوەی ئەگەر فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی لەکاتی هێرشەکاندا بخرێتە خوارەوە، بەخێرایی فڕۆکەوانەکان ڕزگاربکەن".

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، "لەسەرەتای جەنگەکەدا، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردوەتەسەر ژمارەیەک سەربازی عێراقی کە خەریک بوە شوێنی بنکە نهێنییەکە بدۆزنەوە، لەکاتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی F-15ی ئەمریکیش لەنزیک شاری ئەسفەهان، هێزەکانی ئیسرائیل لەم بنکەیەوە هاوکاری پرۆسەی ڕزگارکردنی تیمە دوو کەسییەکەی فڕۆکە ئەمریکییەکەیان کردوە".

ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ئاماژەی به‌وه‌شكردوه‌، ئەم بنکەیە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوە لەپشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل‌و تائێستا هیچ فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی لەو هێرشانەدا نەخراوەتە خوارەوە.

بەپەلە