شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لەوەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرایدەکات کە ئامادەکارییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تای خوێنبەربون دەستیپێكردوەو بۆ هەر پارێزگاو ئیدارەیەکی سەربەخۆ نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە.
ڕابەر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لەوەزارەتی کشتوکاڵ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دیناری بۆ هەریەک لەئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردوە بۆ کڕینی دەرمان، دەشڵێت،" پارەکە ڕاستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی پرۆسەی کڕینی دەرمانەکان دوانەکەوێت".
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وتیشی،"بەشێکی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکانمان لەمانگی ڕابردوەوە دەستپێکردوەو بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو ئاژەڵەکان دەشۆردرێن، چونکە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرما مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون زیاتر دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری دڵنیاییدایە هاونیشتمانییان و وتی،"تاوەکو ئێستا هیچ توشبونێک لەهەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەم رێکارانە وەک ئامادەکاریی پێشوەختەن".
بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵی ڕابردوو لەم وەرزەدا، 11 کەس لەهەرێمی کوردستان توشی تای خوێنبەربون بون: 3 کەس لە هەولێر، 2 لە سلێمانی و 6 کەس لە هۆک کە 3ـیان گیانیان لەدەستدا. هەروەها لەکەرکوکیش 5 کەس توشی پەتاکە بون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروتیش وەك ڕێنمایی نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربونی بڵاوكردۆتەوە كەئەمانەن: سەرئێشەو ئازاری مل و سک، سوربونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچون و ڕشانەوە کە خوێنبەربونی لەگەڵ دەبێت.
تای خوێنبەربون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵداو لەرێگەی گەنە (قڕنە)وە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە.