ترەمپ یەکەم داواکاریی خۆی لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین ئاشکرا دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش دەستپێکردنی لووتکەی چاوەڕوانکراوی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ شی جین پینگ لە پەکین، ڕایگەیاند کە داوا لە هاوتا چینییەکەی دەکات بازاڕەکانی وڵاتەکەی بە ڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا بکاتەوە. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە باڵاکانی ئەمریکا لەم سەردانەدا هاوڕێیەتیی دەکەن و هیواخوازە بەهۆی کارەکانیانەوە ئاستی ئابووریی چین بەرزتر ببێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئامادەکارییانە، شاندە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتیی هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی ئینچۆن لە کۆریای باشوور دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە.

ئەم کۆبوونەوانە وەک ئامادەکارییەک بۆ دیداری ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی نێوان هەردوو سەرۆک ئەنجام دەدرێن.

پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پەکین لە ساڵی 2025ەوە و دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بەهۆی سەپاندنی ڕەسمی گومرگی و کۆتوبەندی ئابوورییەوە تووشی گرژییەکی زۆر بوونەتەوە، هەرچەندە لە تشرینی یەکەمی ڕابردوو گەیشتنە ئاگربەستێکی کاتی، بەڵام هێشتا دۆسیەی بازرگانیی گەورەترین خاڵی ناڕەزایەتی نێوانیانە. 

بەپەلە