هەواڵگریی ئەمریکا: ئێران لەسەدا 70ی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی چاککردۆتەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئێران توانیویەتی توانای کارکردنی نزیکەی 70%ی سەکۆکانی و زۆربەی دامەزراوەکانی کۆگاکردنی مووشەکەکانی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی دەکەونە نزیک گەرووی هورمز کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانیی لە ناوچەکەدا.

 ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران 70%ی کۆگای مووشەکەکانی پێش جەنگ و نزیکەی 70%ی سەکۆ گەڕۆکەکانی پاراستووە، کە ئەم کۆگایە مووشەکی بالیستی مەودا دوور و مووشەکی کرووزی مەودا کورت بۆ ئامانجە وشکاینی و دەریایییەکان لەخۆدەگرێت.

ئەوەی زیاتر بەرپرسانی ئەمریکای نیگەران کردووە، گەڕانەوەی توانای کارکردنە بۆ 30 پێگە لە کۆی 33 پێگەی مووشەکیی لەسەر درێژایی گەرووی هورمز، کە هەڕەشەیە بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و تانکەرە نەوتەکان لەو ڕێڕەوەدا.

هەروەها دەزگا هەواڵگرییە سەربازییەکان ڕایانگەیاندووە کە بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئێران دەستی گەیشتۆتەوە بە 90%ی دامەزراوەکانی هەڵگرتن و هاوێشتنی مووشەک لە ژێر زەویدا کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی گشتیی یان بەشێکی چالاکن.