شارپرێس:
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانو وێنەی مانگە دەستکردەکان دابەزینێکی بێپێشینەی ئاستی ئاوی ڕوباری فوراتیان لەسەر خاکی سوریا دۆکیۆمێنت کردوە، ئەمەش شەپۆلێکی بەربڵاوی لەلێکدانەوە ئاینییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە کە ئەم دیاردەیە بەنیشانەکانی کۆتایی دونیاو جەنگی هەرمەجیدۆن دەبەستنەوە، لەکاتێکدا پسپۆڕانی ژینگە جەختدەکەنەوە، قەیرانەکە دەرەنجامی گۆڕانی کەشوهەواو ململانێی سیاسییە لەسەر سەرچاوەکانی ئاو.
داتاکانی مانگە دەستکردەکان دەریانخستوە کە ڕوباری فورات لەسەر خاکی سوریا لەساڵی 2003وه زیاتر لە 140 کیلۆمەتری سێجا لەئاوەکەی لەدەستداوە، لەکاتێکدا پێشبینی ئەوەدەکرێت، تاوهكو ساڵی 2040 بەتەواوی وشک ببێت.
پلاتفۆڕمە هەواڵییەکان پرسیاریان کردوە، ئاخۆ پێشبینییەکەی هەرمەجیدۆنی تەوڕات خەریکە دەردەکەوێت؟، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە(پەرتوکی ڕویا ـ سفر الرۆیا)دا هاتوە کە وشکبونی فورات ڕێگه خۆشدەکات بۆ جەنگی کۆتایی کە بەهەرمەجیدۆن ناسراوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست-ی ئەمریکی نوسیویەتی، پاشەکشەی خێرای ڕوباری فورات کە مێژوو بەیەکێک لەڕوبارەکانی لانکەی شارستانییەت ناسراوە، مەترسی لای هەندێک لەباوەڕمەندانی پێشبینییەکانی کۆتایی جیهان دروستکردوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەندێک لەباوەڕمەندانو شوێنکەوتوانی پێشبینییەکان ئەوەی ئێستا ڕودەدات بەستوەتەوە بەو دەقانەی لەپەرتوکی پیرۆزدا هاتون.
هەندێک لەشوێنکەوتوان ئاماژە بەدەقێکی (پەرتوکی ڕویا) دەکەن کە دەڵێت، "پاشان فریشتەی شەشەم گۆزەکەی خۆی بەسەر ڕوباری مەزنی فوراتدا ڕشت، ئاوەکەی وشکبوو بۆ ئەوەی ڕێگه بۆ پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بێت"و وایدادەنێن، وشکبونی ڕوبارەکە نیشانەیەک بێت پەیوەست بەڕوداوەکانی کۆتایی دونیا.
مێژویەکی درێژە کە هەندێک لەمرۆڤە ئاینییەکان ئەم ئایەتەیان بەوە لێکداوەتەوە کە وشکبونی ڕوبارەکە ڕێگه خۆشدەکات بۆ سوپایەکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کە بەرەو جەنگی (هەرمەجیدۆن) بەڕێدەکەوێت، ئەویش ئەو ڕوبەڕوبونەوە کارەساتبارەیە کە پێدەچێت پێش گەڕانەوەی دوەمی مەسیح ڕوبدات، هەروەها ناوی فورات لە(پەرتوکی ئیرمیا)دا هاتوە بەدەستەواژەی، "وشکەساڵی بەسەر ئاوەکانیدا دێتو وشک دەبن".
موسڵمانهكانیش ئاماژه بهفەرمودەكانى پێغەمبەر دهكهن كه باسى لهوشکبونی فورات كردوهو بهیەکێک لەنیشانە سەرەکییەکانی کۆتایی دونیا لێكداوهتهوه، بەڵام بەدەقێکی جیاواز لەتەوڕات، ئاماژه بهدەرکەوتنی چیای زێڕ كراوهو دهڵێت، "فورات وشکدەکاتو چیایەک لەزێڕ دەردەکەوێت"، ههروهك هۆشداریداوە کە خەڵکی لەسەر ئەو زێڕە شەڕدەکەن، بەجۆرێک لەهەر 100 کەس، 99 کەسیان دەکوژرێت".
ڕوباری فورات بۆ ماوەی نزیکەی ههزارو 800 میل لەچیاکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە بەناو سوریاو عێراقدا تێپەڕ دەبێت، پێشئەوەی بگات بەڕوباری دیجلەو بڕژێتە ناوچەی شەتولعەرەب، بەڵام ئاستی ئاوەکەی لەساڵانی کۆتاییدا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەو كهمیکردوە.
سەرباری ئەم لێکدانەوە ئاینییانە، پسپۆڕان جەختدەکەنەوە، قەیرانی ئێستا لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ژینگەییو کەشوهەوا، لەوانەش وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەواو بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوى ژێرزەوی.
