وەزارەتی ناوخۆ لێخۆشبون بۆ سزایەكی دارایی دەردەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران، بڕیاریدا بەدرێژکردنەوەی ماوەی ساڵێک بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانەی پێشتر هاوردە کراون و بەهۆی بارودۆخی وڵاتەوە نەفرۆشراون، بەبێ ئەوەی هیچ سزایەکی دارایی بیانگرێتەوە.


وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، ئاسانکارییەکی نوێ بۆ بازرگانان و خاوەن پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل راگەیەندرا، کە یەکێک لەبڕیارە گرنگەکان ئەوەیە، بۆ ماوەی یەک ساڵ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانە درێژکرایەوە کە پێش هەڵگیرسانی شەڕ هاوردە کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە بازرگانان، خاوەن کۆمپانیاکان و پێشەنگاکانی هاوردەکردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەگرێتەوە کە کاڵاکانیان لەگەراج و پێشەنگاکاندا ماوەتەوەو بەهۆی دۆخەکەوە نەفرۆشراون.

باسی لەوەشکرد، لەماوەی ئەو ساڵەدا کە بۆیان دیاریکراوە، هیچ سزایەکی دارایی (غەرامە) ناکەوێتە سەر خاوەنەکانیان.

ڕونیشیکردەوە، ئەم بڕیارە دراوە بەپێی فەرمانی وزاری ژمارە (13935) کە لەرێکەوتی 13-5-2026 دەرچوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەبەر ڕەچاوکردنی لێکەوتەکانی بارودۆخی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر کەسابەت، گوزەرانی خەڵک و جوڵەی بازرگانی ئەم بڕیارانە دراون.