چۆن درۆن کۆتایی بەچاخی نیشانەشکێنیی لەجیهاندا هێنا؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 619 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

گۆڕانکارییەکانی جەنگی ئۆکرانیا و باڵادەستیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تەنانەت ناودارترین نیشانەشکێنەکانیشی ناچار کردووە ڕۆڵی نوێ بگرنە بەر.


ڤیاچێسلاڤ کۆڤالسکی، نیشانەشکێنی هێزە تایبەتەکانی ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2023دا بە پێكانی ئەفسەرێکی ڕووسی لە دووریی نزیکەی 4 کیلۆمەتر تۆماری جیهانیی شکاند، ئێستا وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەرانی درۆن کار دەکات و زیاتر لە ساڵ و نیوێکە تەقەی نەکردووە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن درۆنەکان ئەرکە سەربازییە نەریتییەکانی وەک چاودێریی تۆپخانە و تیمی تانکەکانیان خستۆتە پەراوێزەوە.

کۆڤالسکی خۆی دان بەوەدا دەنێت کە پێشتر نیشانەشکێن چەقی سەرنج بوو، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەری درۆنەکە ناوەندە و هەمووان لە دەوری ئەو دەسووڕێنەوە.

لەکاتێکدا پێشتر لەبەر لێهاتووییەکەی داوای وێنەگرتنیان لەگەڵ دەکرد، لە ساڵی 2024دا کۆڤالسکی لە 5 ئەرکی جیاوازدا نەیتوانی هیچ ئامانجێک بپێکێت، چونکە سەربازانی ڕووسی خۆیان لەگەڵ مەیدانی جەنگی پڕ لە درۆن گونجاندووە و شێوازی حەشارگەکانیان پەرەپێداوە.

درۆنەکان بەهۆی خێرایی، بینینی ئاسمانی، توانای مانۆڕکردن و بارستایی تەقەمەنییانەوە لە نیشانەشکێنەکان باڵادەستترن. ئەرکی نەریتیی نیشانەشکێنەکان کە پێویستی بە ڕۆیشتنی 10 کیلۆمەتر و هەڵگرتنی کەلوپەلی قورس و مانەوەی هەفتەیەک لە یەک شوێندا هەبوو، ئێستا بەهۆی کامێرای گەرمیبین و چاودێریی بەردەوامی ئاسمانییەوە بۆتە کارێکی یەکجار مەترسیدار.

سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا جەخت دەکەنەوە کە دەستبەرداری نیشانەشکێنەکان نابن.

پێنتاگۆن ڕایگەیاندوە، بەردەوامە لەمەشقپێدانیان، چونکە نیشانەشکێنی مرۆیی ناکرێت سیگناڵی لێ تێکبدرێتء لەهەموو کەشوهەوایەکدا کاردەکات.

وەک نموونەیەک، لە هاوینی ساڵی 2024دا، 15 نیشانەشکێن لە شاری تۆرێتسک توانییان 16 سەربازی ڕووسی لە کۆی 35 سەرباز بکوژن کە درۆنەکان نەیانبینیبوون.

هەروەها ئێستا نیشانەشکێنەکان لە بەرگریی دژی درۆنەکان و تەنانەت لە تاقیکردنەوەکانی خستنەخواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شایدی ئێرانیشدا بەشدارن.

بەپەلە