شارپرێس:
كۆمەڵی دادگەری لەدوای كۆبونەوەیەكی حزبەكەی، بەفەرمی داوا دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوبارەبكرێتەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بەئامادەبونی عەلی باپیر، سەرۆكی حزبەكەی، کۆبونەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە، هەڵوەستە لەسەر دۆخی چەقبەستوی هەرێمی كوردستان و پەكخستنی پەرلەمان و دواخستنی پێكهێنانی حكومەت كرا، كە هەردوو حزبی دەسەڵات بەرپرسی یەكەمن لێی.
لەوبارەیەشەوە، ئەنجومەنی سەكردایەتی دوپاتی كردەوە، كۆمەڵی دادگەری سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبایكۆتی ئەم خولەی پەرلەمان، ئێستاش پێی وایە تاكە دەرچە بۆ دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لەقەیرانی تەشریعی و حكومەتداری، دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە بەمیكانیزمێكی شەفافانە، دور لەساختەكاری و دیزاینی پێشوەختە.
لەبارەی قەیرانی موچەوەشەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەركی دەسەڵاتدارانە لەخەمی بژێویی خەڵكدا بن و بەرپرسیارانە كار بۆ چارەسەری ریشەیی قەیرانی دروستكراوی موچە بكەن، تا چیدی هەموو مانگێك موچەخۆری هەرێم لەدڵەڕاوكی و ترسی فەوتانی موچەدا نەژی.