زەنگی مایەپوچبونی کۆڕەک لێدرا؛ بەغدا دەستی بەسەر تەواوی سامانی کۆمپانیاکەدا گرت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی عێراق دوایین بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەدژی کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم) ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد، کۆمپانیاکە لەبارودۆخێکی دارایی ئەوەندە خراپدایە، هیچ سەروەت‌و سامانێکی بۆ دانەوەی قەرزەکانی نەماوە.


بەلیغ ئەبو کەلەل سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند، هەموو ئەو بڕیارانەی پێشتر لەبەرژەوەندیی کۆڕەک دەرچوبون، لەڕوی یاساییەوە پوچەڵکراونەتەوە، چونکە لەلایەن دادگای ناتایبەتمەندەوە دەرکرابون، جەختیشیکردەوە، دەستەکە توانیویەتی لەهەموو کێشە یاساییەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

لەهەنگاوێکی وەک گورزی کۆتایی، ئەبو کەلەل ئاشکرایکرد، بەهەماهەنگی لەگەڵ (دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێری دارایی‌و ئەنجومەنی وەزیران)، بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنى سەرجەم داراییە گواستراوەو نەگواستراوەکانی کۆڕەک جێبەجێکراوە، وتیشی، "لەسێ ساڵی ڕابردودا کارمان لەسەر کۆنترۆڵکردنی بانکەکان کردوەو ئێستا تەواوی سەروەت‌و سامانی کۆمپانیاکە لەژێر دەستی دەوڵەتدایە".

سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار، وێنەیەکی ڕەشی بۆ دۆخی دارایی کۆمپانیاکە کێشاو ڕایگەیاند، کۆڕەک لەئێستادا خاوەنی هیچ خانوبەرە یان سامانێکی ئەووتۆ نییە کە بتوانێت پابەندبونە داراییەکانی جێبەجێبکات، ئەم لێدوانەش ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە گەیشتوەتە قۆناغی مایەپوچبونی تەواوەتی.