بارزانى مۆدێلی چاکسازیی کارەبا دەباتە بەغداو مەرجی هەناردەکردنەوەی نەوت دەخاتەڕوو

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1846 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ کۆتاییهێنان بەچەقبەستویی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، بڕیارە ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی وه‌فدێكى باڵا بگاتە پایتەختی عێراق، چاودێرانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەم سەردانە تەنها کۆبونەوەیەکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو هەڵگریی دوو مەلەفی هەستیارە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەژیانی هاوڵاتیان‌و ئابوریی وڵاتەوە هەیە ئه‌وانیش، کارەباو نەوت.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، دیارترین خاڵی ئەم سەردانە، خستنەڕوی پڕۆژەی (ڕوناکی)یە، لەکاتێکدا بەغدا ساڵانە ملیاران دۆلار لەکەرتی کارەبادا خەرجدەکات‌و هێشتا کێشەی بڕانی کارەبای هەیە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت مۆدێلی کارەبای 24 کاتژمێریی ڕوناکی وەک چارەسەرێکی تاقیکراوەو سەرکەوتوو پێشکەش بکات.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەت لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێم لەم سەردانەدا ئەزمونی سەرکەوتوی پڕۆژەی (ڕوناکی) دەخاتەڕوو، کە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە.

ده‌شڵێت، "وه‌فده‌كه‌ى هه‌رێم، پاڵپشتی تەکنیکی پێشکەش بەحکومەتی نوێی عێراق دەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی چاکسازیی لەکەرتی کارەبای سەرتاسەری وڵاتدا".

مەلەفی نەوت کە زیانێکی ملیار دۆلاریی لەئابوریی عێراق‌و هەرێم داوە، لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبێت، بەڵام ئەمجارە باسەکە تەنها لەسەر تێچوی دەرهێنان نییە، بەڵکو باس لەئاسایش دەکرێت، مەسرور بارزانی داوای گەرەنتی ئەمنی دەکات بۆ کۆمپانیا بیانییەکان؛ چونکە هەڕەشەی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) وایکردوە کۆمپانیا جیهانییەکان دودڵ بن لەدەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردن.

چاودێران پێیانوایە، ئەم سەردانە جیاوازە، چونکە هەرێم ئەمجارە وەک خاوەن چارەسەرو داواکاری ئەمنیی دەچێتە بەغدا، سەرکەوتنی ئەم گفتوگۆیانە نەک تەنها پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا ڕێکدەخاتەوە، بەڵکو دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێک بۆ ژێرخانی وزە لەتەواوی عێراقدا.

بەپەلە