تۆمەتێکی مەترسیدار ئاراستەی سەرکردە ڕفێنراوەکەی حزبوڵڵای عێراق دەکرێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان ئاشکرایانکردوە، کە محەمەد باقر سەعدی سەرکردەی ڕفێنراوی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش دژی ئامانجە ئیسرائیلیی‌و ئەمریکییەکان، لەوانەش پلانێک بۆ بەئامانجگرتنی ئیڤانکا تره‌مپ کچی دۆناڵد تره‌مپ.


به‌گوێره‌ى بڵاوکراوەی نیویۆرک پۆست، سەعدی تەمەن 32 ساڵ کە نازناوی محەمەد باقر سلێمانی لەخۆی ناوە، هەوڵیداوە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە بەهۆی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس، ئەنجامبدات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تۆمەتبارەکە، کە دەوترێت لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە مەشقی پێکراوە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاراستەی خێزانی تره‌مپ کردوەو باسی لەچاودێریکردنی ماڵی ئیڤانکا تره‌مپ لەویلایەتی فلۆریدا کردوە.

جگەلەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا تۆمەتباری دەکەن بەپلاندانان بۆ هێرشکردنەسەر پەرستگایەکی جوەکان لەنیویۆرک‌و ئامانجەکانی دیکە لەلۆس ئەنجلس، جگە لەئەنجامدانی کردەوەی گومانلێکراو لەئەوروپاو کەنەدا کە گەیشتوەتە 18 پلان.

به‌گوێره‌ى ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، سەعدی ئەکاونتەکانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی هاندەرانەو وێنەی هەڕەشەئامێز بەکارهێناوە.

ئەو سەرکردە ڕفێنراوەی حزبوڵڵا لەتورکیا دەستگیرکراوە پێشئەوەی ڕادەستی ویلایەتەیەکگرتوەکان بکرێتەوەو ئێستا لەناوەندی دەستبەسەرکردنی بروکلین لەنیویۆرک ده‌ستبه‌سه‌ره‌.

بەپەلە