له‌نزیك ئێران ژماره‌یه‌ك ده‌ریاوانى عێراقى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەقوڵایی ئاوەکانی ناوچەکەو لەنێوەندی ململانێی زلهێزەکاندا، چارەنوسی ژماره‌یه‌ك دەریاوانی عێراقی بەنادیاری ماوەتەوە، سەندیکای دەریاوانان بەنیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات‌و ڕایگەیاندوە، دەستبەسەرکردنی کەشتییەکەیان لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە لەناو ئاوەکانی ئێراندا، دۆسیەکەی ئاڵۆزکردوەو ئێستا خێزانەکانیان چاوەڕێی هەڵوێستێکی دیپلۆماسیی بەپەلەی بەغدان.


سەندیکای دەریاوانانی عێراق ڕایگەیاند، بەوردیی‌و نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ بارودۆخی ئەو دەریاوانە عێراقییانە دەکات کە لەنزیک دورگەی قشم لەناو ئاوەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراون.

سەندیکاکە ئاشکرایکردوە، ئەو دەریاوانە عێراقییانەی کەشتییەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەرکراوە، لەناو کەشتیی بیانی کاردەکەن نەک کەشتیی عێراقی، ئەمەش وایکردوە دۆسیەکە ئاڵۆزتربێت‌و پێویستی بەدەستێوەردانی دیپلۆماسی هەبێت.

سەندیکای دەریاوانان داوا لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەپەلە بجوڵێت بۆ زانینی چارەنوسیان‌و گەرەنتی گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان، جەختیشیانکردوەتەوە، بەردەوامن لەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابونەوە لەسەلامەتییان.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، سەندیکاکە هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ خێزانی ئەو دەریاوانانە دەربڕیوەو بەڵێنیداوە، تا ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی ڕوداوەکەو ئازادکردنیان، دەست لەبەدواداچوون هەڵناگرێت.

بەپەلە