ئیمڕالی چی لە ئۆجەلاندا گۆڕی؟

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 74 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15ی شوبات 1999 و گواستنەوەی بۆ زیندانی ئیمڕالی، یەکێک بوو لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی نوێی جوڵانەوەی کوردی. ئەم ڕووداوە تەنها سەرکردەیەکی نەگۆڕی، بەڵکوو بنەمای فکری و فەلسەفی پڕۆژەی سیاسی پەکەکەشی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕی. لەم نوسینەدا، بە شێوەیەکی بەراوردی و شیکاری، گۆڕانکارییە فکرییەکانی ئۆجەلان لەنێوان دوو قۆناغی پێش ئیمڕالی و دوای ئیمڕالی دەخرێتەڕوو. نوسینەکە هەوڵ دەدات نیشانی بدات چۆن ئۆجالان لە بیرکردنەوەی مارکسی–لینینی و پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی، بەرەو فەلسەفەی کۆنفدرالییەتی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک هەنگاوی نا، هەروەها نوسینەکە کاریگەریی ئەم وەرچەرخانە لەسەر سیستمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوای کوردستان شیکاری دەکات و هەڵسەنگاندنێک جیۆسیاسی بۆ ئەم مۆدێلە دەکات لە ناو سیستمی دەوڵەت–نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا.

پێشەکی
لە مێژووی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە دوای دابەشکردنی ناوچەکە بە پێی ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ/Sykes–Picot Agreement، بەسەر چەند دەوڵەتدا دابەش کران. ئەم دابەشبوونە بووە هۆی دروستبوونی چەندین جوڵانەوەی نەتەوەیی و چەکداری کوردی لە تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا.
لە ناو ئەم جوڵانەوەدا، پارتی کرێکارانی کوردستان گرنگترین و کاریگەرترین ئەو جوڵانەوە چەکدارییانە بوون کە لە 1978دا لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان و هاوڕێکانی دامەزرا. پەکەکە لە سەرەتادا پڕۆژەیەکی مارکسی–لینینی هەبوو و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی کوردی دەبوو.
بەڵام، دەستبەسەرکردنی ئۆجەلان لە ساڵی 1999 و گواستنەوەی بۆ دوورگەی ئیمڕالی، سەرەتای وەرچەرخانێکی قووڵی فکری بوو. ئۆجەلان لە ناو زینداندا، دووبارە پیاچوونەوەی بە بنەما فکرییەکانی خۆی کرد و لە ئەنجامدا، لە پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی دوورکەوتەوە و بەرەو بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بێ دەوڵەت ڕویشت.
ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕانکارییەکی فکری نەبوو، بەڵکوو کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پێکهاتەی پەکەکە، پەیوەندییە ناوچەییەکان، و شێوازی کارکردنی هێزە کوردییەکان لە سووریا و تورکیا دانا.
قۆناغی پێش 1999: فەلسەفەی شۆڕش و دەوڵەت
مارکسیزم–لینینیزم و پەکەکە: پەکەکە لە سەردەمی شەڕی سارد دامەزرا. ئەو کاتە زۆرێک لە جوڵانەوە چەپەکانی جیهان کاریگەر بوون بە کاڕڵ مارکس، ڤلادیمێر لینین و ماوتسی تۆنگ. پەکەکە لەو سەردەمەدا کوردستانی وەک کۆلۆنی دەبینی و شەڕی چەکداری بە ڕێگای ڕزگاری دەزانی.
فەلسەفەی شەڕی خەڵک: شێوازی شەڕی پەکەکە کاریگەر بوو بە شەڕی ڤێتنام، شۆڕشی چین و جوڵانەوەی چەپەکانی ئەمریکا لاتین. شەڕی خەڵک بە مانای شەڕێکی درێژخایەن بوو کە لە گوندەکان دەستی پێدەکرد و دواتر بەرەو شارەکان دەچوو.
کاریزما و ڕابەرایەتی: پەکەکە بە شێوەیەکی زۆر ناوەندی کاردەکرد. ئۆجەلان تەنها سەرکردەی سیاسی نەبوو، بەڵکوو وەک سەرکردەیەکی کاریزماتیک و سەرچاوەی فکری دەبینرا هاوشێوەی  جۆزێف ستالین، ماوتسی تۆنگ و چێگوارا.

قۆناغی ئیمڕالی و وەرچەرخانی فکری
زیندان و پیاچوونەوەی فکری: زیندانی ئیمڕالی بۆ ئۆجالان تەنها زیندان نەبوو؛ بەڵکوو شوێنی پیاچوونە بوو، لەوێدا کتێبی مێژووی، فەلسەفەی مۆدێرن، ئەنتڕۆپۆلۆجی و  فیمینیزمی دەخوێندەوە. ئۆجەلان لەو قۆناغەدا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەوڵەت، هەرچەند بە ناوی نەتەوەیەکیش بێت، سەرئەنجام بەرهەمهێنەری ستەمە.
ڕەتکردنەوەی دەوڵەت–نەتەوە: ئۆجەلان دوای ئیمڕالی دەڵێت دەوڵەت ناتوانێت ئازادی بەرهەمبهێنێت، دەوڵەت بە شێوەیەکی بنەڕەتی ناوەندگەرایە، خاوەن نەتەوەی باڵادەستە و فرە نەتەوەیی دەکوژێت، ئەم بیرۆکەیە لە کتێبەکانی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی و مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتیک بە ڕوونی دەردەکەوێت.

موری بووکچین و کۆنفدرالییەتی دیموکراتیک

چینی خوارەوە: بووکچین پێیوابوو دیموکراسی دەبێت لە خوارەوە دروست بێت، ئەنجومەنە خۆجێییەکان بنەما بن و دەسەڵاتی دەوڵەت قۆناغ بە قۆناغ کەمبکرێتەوە. ئۆجالان ئەم بیرۆکانەی گواستەوە بۆ ناو واقیعی کوردستان.
نەتەوەی دیموکراتیک: نەتەوەی دیموکراتیک  لە بیرکردنەوەی ئۆجالاندا پێویستی بە سنووری سیاسی نییە،  فرەڕەگەزی قبووڵ دەکات و ناسنامەی کلتووری لەسەر شوناسی دەوڵەتیدا هەڵدەگرێت .
ژن، ئازادی و جینئۆلۆجی: یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی بیرکردنەوەی ئۆجەلان، ناوەندیبوونی ژن بوو. ئۆجەلان پێیوایە یەکەم کۆلۆنی لە مێژوودا ژن بووە. لە ئەنجامدا  یەپەژە دروست بوو، هاوسەرۆکایەتی هاتە ئاراوە و  جینئۆلۆجی وەک زانستی ژن پێشکەشکرا . ئەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا دیاردەیەکی نوێ بوو.
کاریگەری لەسەر ڕۆژاوا و قەسەد: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری سووریا و ئەنجومەنە خۆجێییەکان، هاوسەرۆکایەتی ، هێزی پاراستنی ژنان و فرە زمانی بە شێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ کران.

هەڵسەنگاندنی جیۆسیاسی
گرفتی مۆدێلی بێ دەوڵەت: سیستمی جیهانی لەسەر بنەمای دەوڵەت و سنووربەندییەکانی دامەزراوە هەربۆیە پاسپۆرت ، سنوور ، سوپا و ناساندنی نێودەوڵەتی هەمووی بە دەوڵەتەوە بەستراون. ئەمە وا دەکات مۆدێلی بێ دەوڵەتی هەمیشە لە دۆخی ناتەوادا بمێنێتەوە.
 دووانەی فەلسەفە و هێز: پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە ئایا پڕۆژەیەکی بێ دەوڵەت دەتوانێت بێ چەک بژیت؟ بەوپێیەی ڕۆژاوا خۆی بەهێزی چەکداری پاراستووە. لە ڕاستیدا دەوڵەتداری بە فەلسەفە ناپارێزرێت و پێویستی بە هێزی سەربازی هەیە.  
تاکتیک یان باوەڕ؟ هەندێک شرۆڤەکارانی وەک  وەک سۆنار چاگاپتای  پێیان وایە گۆڕانکارییەکە زیاتر تاکتیکی بووە بۆ مانەوەی سیاسی. بەڵام هەندێکی تر دەڵێن وەرچەرخانەکە واقعی بووە و وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ شکستی مۆدێلی شۆڕشی کلاسیک.

دەرئەنجام
ئیمڕالی بۆ ئۆجەلان خاڵی کۆتایی نەبوو، بەڵکوو لەدایکبوونێکی نوێ بوو. وەرچەرخانێک بوو لە شۆڕشی مارکسی–نەتەوەیی  بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بێ دەوڵەت. هەرچەند ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی فکرییەوە یەکێکە لە گرنگترین هەوڵەکانی ڕەخنەگرتن لە چەمکی دەوڵەت–نەتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا، بەڵام لە ڕووی جیۆسیاسییەوە لەناو ژینگەیەکی زۆر دژواردا دەژی، لەلایەک شەڕی سڕینەوەی شوناسی کورد لە لایەن نەتەوە سەردەستەکان و تورکیا و لەلایەک مانەوەی لە هاوکێشەی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا هەر بۆیە دەکرێت بڵێین کە سەرباری نوێگەراییەکە، پڕۆژەکەی ئۆجالان تا ئێستا وەک جۆرێک لە یوتۆپیای ماوەتەوە.