ماسک یەک هەنگاوی ماوە ببێتە یەکەم تریلیۆنێر لە مێژوودا

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

 ئامارە دارایییە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن کە ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە بۆ بوون بە یەکەم تریلیۆنێر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەمەش دوای بڕیاری فەرمی بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە بۆرسەی نازداک.

سەروەت و سامانی ئێستای ماسک بە 676 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە بەشە هەرە زۆرەکەی پێکهاتووە لە پشکەکانی لە کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" بە بەهای 430 ملیار دۆلار. 

ئەم کۆمپانیایە دوای یەکگرتنی لەگەڵ دامەزراوەی ژیریی دەستکردی "xAI"، نرخاندنی دارایی بۆ 1.25 تریلیۆن دۆلار بەرزبۆتەوە و ماسک خاوەنی 44%ی پشکەکانیەتی.

شارەزایانی ئابووریی پێشبینی دەکەن لەگەڵ دەستپێکردنی گەورەترین پرۆسەی خستنەڕووی پشکەکان لە مێژوودا، نرخی کۆمپانیاکە بگاتە 1.75 تریلیۆن دۆلار. 

ئەم بازدانە دارایییە بەهای پشکەکانی ماسک بۆ 770 ملیار دۆلار بەرز دەکاتەوە و 340 ملیار دۆلاری نوێ دەخاتە سەر سەروەتەکەی، بەوەش کۆی گشتیی سامانی ئەم ملیاردێرە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سنووری 1 تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت و چەمکی دەوڵەمەندیی لە جیهاندا سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی