شارپرێس:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگدان لەسەر بڕیارنامەیەکی دواخست بۆ پابەندکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێران هێنێت .
بڕیار بوو لە ٢٢ی ئایار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆمارییەکان دەنگدانەکەیان دواخست.
ستیڤ سکالیس، سەرۆکی زۆرینەی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دەنگدانەکە دواخراوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئەندامانی ئامادەنەبوو بدرێت دەنگ بدەن.
مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتیکردەوە بە ئاشکرا هیچ لێدوانێک بدات.
لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکی کەمینەی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمارییەکان بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانەکە "ترسنۆکی"یان نیشانداوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، کۆمارییەکان کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی دەنگی پێویست بۆ شکستپێهێنانی بڕیارنامەیەکی دیکە کە دەسەڵاتە سەربازییەکانی ترەمپ سنوردار دەکات.