عێراق تیم ڕەوانەی سعودییە و ئیمارات دەکات

عیراق

43 خولەک پێش ئێستا‌ 48 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەرپرسێکی عێراقی بە ڕۆژنامەیەکی سعودی ڕاگەیاندووە، "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، لە میانی کۆبوونەوەی ئەم دواییەیدا بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هێرشەکانی سەر سعودییە و ئیمارات.

 لیژنەکە  گەشت بۆ سعودیە و ئیمارات دەکات بۆ لێکۆڵێنەوە لەهێرشەکانی سەر ئەو دوو وڵاتە.

حکومەتی عێراق ڕۆژی چوارشەممە دووپاتی کردبووەوە کە "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست لە دژی ئەو کەسانەی لەهێرشی سەر ئیمارات و سعودییە تێوەگلاون" دەگرنەبەر ئەگەر بسەلمێنرێت کە خاکی عێراق وەک خاڵی ئەو هێرشانە بەکارهێنراوە کە سعودیە و ئیماراتیان کردۆتە ئامانج. 

هەروەها ئاماژەی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت کرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو وڵات و بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان.

ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕوونیشیکردەوە کە "تیمی لێکۆڵینەوەکە سوود لە بەڵگە و نەخشەی ڕادار وەردەگرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی پەیوەندییان هەیە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی ئاراستەی زەیدی دەکات هەرکاتێک کارەکانی تەواو کرد".

پێشتر سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی لە هێرشەکانی شانشینی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد. لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنرا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو وڵات، سەرۆکوەزیرانیش ڕێنمایی کرد کە هەموو ڕێکارێکی پێویست بگیرێتەبەر".