شارپرێس:
وتەبێژی پەژاک ڕوو لەپارتە کوردییەکان دەکات، دەڵێت "کێ چەکی وەرگرتووە با ئاشکرای بکات و چیتر ئەم چەواشەکارییە درێژە نەکێشێت".
وتەبێژی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، گەلاوێژ ئەورین، سەبارەت به لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە وتبووی "چەکمان بە کورد داوە"، بە کەناڵی مەدیا خەبەری ڕاگەیاند، : "با سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا بڵێت کە چەکیان بە کێ داوە".
گەلاوێژ ئەورین دەشڵێت، ئێمە وەک پژاک بە ترەمپ دەڵێین'ناتوانیت گەلی کورد تۆمەتبار بکەیت بەوەی چەکت پێداون و بەکاریان نەهێناوە'. ئێمە لەسەر خاکی ئێران و ڕۆژهەڵاتین. ئێمە لە هەردوو بواری سیاسی و سەربازیدا خاوەنی هێزین. ئێمە چەکمان لە هیچ هێزێک وەرنەگرتووە. ئەگەر ئەمریکا چەکی بە هەندێک هێز داوە، پێویسته به ڕوونی ئاشکرای بکات کە چەکی داوەتە کێ و کام پارتی سیاسی. با کەس هەڕەشە لە کورد نەکات و بڵێت 'ئێمە چەکمان پێداون و ئێوە بەکارتان نەهێنا'. مانای ئەم هەڕەشەیە ئەوەیە کە هەم دەیانەوێت ئێران دژی کورد هان بدەن و هەروەها دەیانەوێت متمانە و باوەڕی گەلەکەمان بە ئێمە بشکێنن. گەلەکەمان دەزانێت کە ئێمە بە هێزی خۆمان گەیشتوینەتە ئەم ئاستە. هەروەها هێزی ئێمە لە شوێنی پێویستدا دەستوەردان دەکات.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر پارتە سیاسییە کوردییەکان چەکیان لە ئەمریکا وەرگرتبێت، پێویستە ئەوە ڕوون بکەنەوە. ئەم جۆرە شێواندنەی دۆخەکە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە. سوکایەتی بە کورد بەم شێوەیە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. کورد ئەکتەرێکی سەرەکییە لە ناوچەکەدا. هێزیان هەیە؛ هێزی سەرەکی ئێمە گەلەکەمانە".