پەترایۆس پلانی چەک داماڵینی گروپە عێراقییەکان ئامادەدەکات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:ٚ

بەدواداچوون و زانیارییەکانی سەرچاوە عێراقی و ڕۆژاواییەکان ئاشکرایان کردووە کە گفتوگۆ  و وتووێژی سیاسی و ئەمنیی پێشکەوتوو لە نێوان بەغدا و واشنتۆندا هەیە سەبارەت بە داهاتووی «حەشدی شەعبی»، ئەمەش لە گەرمەی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی پلەبەپلە کە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکەی عێراق بکات و چەک لە دەستی دەوڵەتدا قەتیس بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئەم گفتوگۆیانە هاوکات بوون لەگەڵ سەردانێکی جەنەڕاڵی خانەنشینی ئەمریکی دیڤید پەترایۆس بۆ بەغدا بە سیفەتی ڕاوێژکاری، کە تێیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراقدا ئەنجامداوە و باسی لە دۆسیەکانی ئەمنییەت و سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی دامەزراوە سەربازییەکان کردووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنتۆن سەیری شێوازی ئێستای «حەشدی شەعبی» دەکات وەک تەحەددا و کۆسپێک لە بەردەم پەرەپێدانی تەواوەتیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، و کاردەکات بە ئاراستەی هەنگاوی کرداری کە خۆی لە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی ئەمنیی لەژێر سەرپەرشتیی دەوڵەتی عێراقدا دەبینێتەوە.

زانیارییەکان دەڵێن: ئەو پێشنیارانەی خراونەتەڕوو  پێکدادان لەخۆ ناگرن، بەڵکو پشت بە پلانێکی فرە قۆناغ دەبەستن کە بە ڕادەستکردنی هەندێک جۆری چەکی قورس و ناوەند بە لایەنە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق دەست پێ دەکات، و دواتریش گواستنەوەی سەرپەرشتیی پێکهاتەی کارگێڕیی و سەربازیی بۆ ئەفسەرانی پیشەگەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەروەها ئەو تێڕوانینانەی کە باس دەکرێن، پێداچوونەوە بە پێگەی ئەو سەرکردایەتییانەدا دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە دۆسیە ئەمنییە ناوچەییەکانەوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی تێکەڵکردنی ئەو هێزانەی کە دەکرێت لەناو دەزگا فەرمییەکاندا بەپێی ڕێکخستنی یاسایی و کارگێڕی جێگەیان بکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لایەنە سیاسییەکان و گروپە شیعەکان تێبینی و ناڕەزایەتییان نیشانداوە بەرامبەر بە هەر ڕێڕەوێک کە وەک کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی «حەشدی شەعبی» لێک بدرێتەوە، و پێیان وایە کە ئەم دۆسیەیە بەستراوەتەوە بە هاوسەنگییە ناوخۆییە ئاڵۆزەکان و ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پێشتر پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن کە بەغدا هەوڵ دەدات بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکات بۆ ئەوەی دوور بێت لە هەر دەرهاویشتەیەکی ئەمنیی یان سیاسیی، لە کاتێکدا حکومەت هەوڵی پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەدات بەبێ ئەوەی بچێتە ناو ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو هێزانەی کە دژی هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتین.

بەپێی قسەی سەرچاوەکان، گفتوگۆکان تا ئێستاش لە قۆناغی ڕاوێژکاریدان و هێشتا نەبوونەتە بڕیاری جێبەجێکردنی ڕاگەیەندراو.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی