پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و نەتانیاهۆ ترسی لای ئیسرائیلییەکان درووستکردووە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 421 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە بێدەنگیی نائاسایی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گوزارشت لە دڵەڕاوکێیەکی قووڵ دەکات لە پشت پەردەی سیاسیی تەلئەبیبەوە. 

لەوبارەیەوە کەناڵی i24NEWS ی عیبری بڵاویکردۆتەوە کە بەپێی ئەزموونی چاودێران لە ڕووماڵکردنی شەڕی ئێران، زۆر دەگمەنە تیمی نەتانیاهۆ تەنانەت ئامادە نەبن ئەنجامدانی پەیوەندییەکی لەو شێوەیە پشتڕاست بکەنەوە، ئەمەش نیشانەی ترسی ئیسرائیلە لە هەنگاوەکانی داهاتووی ترەمپ، جا چ پاڵپێوەنان بێت بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێی مەترسیدار یان پێدانی گڵۆپی سەوز بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.

ئەوەش هاتووە: ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ترەمپ لە لێدوانەکانیدا تەنیا تیشکی خستۆتە سەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و چاوپۆشی لە مووشەکە بالیستییەکان و میلیشیاکانی سەر بە تاران کردووە، جگە لەوەی  بەرپرسانی قودس دەترسن سووککردنی سزاکان ببێتە هۆی ڕژانی ملیارەها دۆلار بۆ گەنجینەی ئێران و دووبارە بەهێزکردنەوەی حیزبوڵڵا و حەماس.

یەحیئێل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر ڕێککەوتنێک پرسی مووشەکیی و ئەتۆمی بەیەکەوە چارەسەر نەکات، ڕێککەوتنێکی باش نابێت.

لەبەشێکی تری راپۆرتەکەی کەناڵە ئیسرائیلییەکەدا هاتووە کە ئەم دۆخە نەتانیاهۆ دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی چۆن دوای چلوپێنج ڕۆژ لە شەڕی سەخت، هێشتا کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئایدۆلۆژیاکەی و هەزاران مووشەکی بالیستی بە ساغی ماونەتەوە. 

لەکۆتاییدا دەڵێت: دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە دوای ئەوەی تۆڕی CNN لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کە تاران توانیویەتی زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، توانای سەربازیی و ژێرخانی خۆی کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانیان پێگەشتبوو، دووبارە ڕێکبخاتەوە و نۆژەنیان بکاتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵا ئاڵی