شارپرێس:
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لەپەرلەمانی توركیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسی لە توركیا نەمێنێت، پێویستە هەنگاوی كرداری لە پرسی كورددا بنرێت، دانوستان بە دیموكراتیك ببێت، ستاتۆی یاسایی ئیمراڵی مسۆگەر بكرێت و یاسایەكی تایبەت دەربكرێت كە هەمووان بگرێتەوە.
سەزای تەمەلی لەلێدوانێكدا دەڵێت، ستاتۆی یاسایی لایەنەكانی دانوستان بە دیاریكردن لەسەر زەمینەی یاسایی دەبێت. لێدوانی نیازپاكانە دراون، بەڵام نەبوونەتە كردار و هێشتا گۆشەگیریی ئیمراڵی بەردەوامە.
هەروەها سەزای تەمەلی دەڵێت، سیاسەتی توركیا ساڵانێكی زۆرە لەناو قەیرانێكی قووڵدایە و ستراتیژی هاتنەدەرەوە لەم قەیرانە بە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ لە ئیمراڵییەوە دەستنیشانكرا. بەڵام سیاسەتی توركیا هێشتا بە تەواوی لەم ڕاگەیەندراوە تێنەگەیشتووە.
راشیگەیاند، دوای ئەو پرۆسەیەی كە بە هەنگاوی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ دەستی پێكرد، هەنگاوی گرنگ نران. دوای كۆنگرەی پەكەكە و بڕیاری كۆتاییهێنان بە هەموو كار و چالاكییەك لەژێر ناوی پەكەكە، بە سووتاندنی چەكەكان ئیرادەی بەشداریكردن لەناو سیاسەتی دیموكراتیكدا نیشاندرا. دواتر كشانەوە ڕوویدا. ئەو كۆمیسیۆنەی كە دامەزرا، لە ماوەی حەوت مانگدا ڕاپۆرتێكی ئامادەكرد. خاڵەكانی شەشەم و حەوتەمی ڕاپۆرتەكە بۆ سەرەتا هەنگاوی گرنگن."
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی وتی "وەكو دەم پارتی ئێمە بەرپرسیارێتیی زۆر گەورەمان جێبەجێكرد و بەردەوامین. بەڵام بەداخەوە سیاسەتی توركیا بە شێوەیەكی گشتی بە بەرپرسیارێتی هەڵناستێت، بە شێوەیەكی جددی مامەڵە ناكات. زۆرێك لەو لێدوانانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا دراون، هێژان، بەڵام نابنە كردار".
