شارپرێس:
دواى بڕیارەکەى دۆناڵد ترەمپ بۆ دواخستنى هێرشەکەی سەر ئێران بۆ چەند ڕۆژێک، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی گەڕێکی نوێی جەنگ چڕ بوونەتەوە و زانیارییەکان ئاماژە بە ئەگەری ڕێککەوتنی واشنتن و تاران دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، ژەنڕاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، بۆ نێوەندگیری بەرەو تاران بەڕێکەوتووە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوە بەردەوامەکانی موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە پایتەختی ئێران.
ناوەندە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە کە نێوەندگیرەکان، بە پشتبەستن بە هەوڵەکانی وڵاتانی وەک پاکستان، قەتەر، سعوودیە، میسر و تورکیا، کار لەسەر داڕشتنی پەیپەرێکی لێکتێگەیشتن دەکەن کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی گفتوگۆی 30 ڕۆژە بۆ ڕێککەوتنێکی بەرفراوانترە کە دۆسیەی ئەتۆمیش بگرێتەوە.
لە بەرانبەردا، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشکەوتنی دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا بەربەست لەبەردەم کێشەکانی وەک کەرتی وزە و داخرانی گەرووی هورمزدا هەن و جەختیشی کردەوە کە پاکستان کارەکتەری سەرەکیی هاوئاهەنگییەکانە.
لەلایەکی دیکەوە، تەلئەبیب نیگەرانیی قووڵی خۆی لەم هەوڵانەی ترەمپ دەربڕیوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توندی لەگەڵ ترەمپدا ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ چڕتر کردووەتەوە.
هاوکات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە هاوکاری چین دەستپێشخەرییەکی 5 خاڵییان بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کردووە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە کە دوای زیاتر لە 80 ڕۆژ لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، ترسی زۆر هەیە لە هەرەسهێنانی ئەو ئاگربەستەی کە لە 8ی نیسانەوە جێبەجێ کراوە، بەهۆی بەردەوامیی ناڕوونیی هەڵوێستی تاران لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و سزاکانی ئەمریکا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
