له‌به‌غدا دابه‌شكردنى موچه‌ ده‌ستیپێكردو چارەنوسی فەرمانبەرانی هەرێمیش لەچاوەڕوانیی 24 کاتژمێری داهاتودایه‌

ئابوری

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری لەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئایار (مانگی پێنج)داو ڕایگەیاند، لەمڕۆ شەممەوە پڕۆسەی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێکردوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناڕونی لەوادەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، وەزیری دارایی عێراق فەرمانگەی ژمێریاریی ڕاسپاردبوو دوێنێ هەینی‌و ئه‌مڕۆ شەممەش دەوامبکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە داراییەکان، ئامانج لەم هەنگاوەش دابەشکردنی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی عێراقە پێش هاتنی جەژنی قوربان، تاوەکو هاوڵاتییان بتوانن ئامادەکارییەکان ئەنجامبدەن.

سەرەڕای دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە لەبەغدا، هێشتا پارەی موچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە نەکراوە، به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، هەوڵەکان لەنێوان هەولێرو بەغدا چڕکراونەتەوەو چاوەڕواندەکرێت تاوەکو دوو ڕۆژی داهاتوو چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواوی یەکلا ببێتەوە، کە ئایا پێش جەژن دابەشدەکرێت یان دەکەوێتە دوای پشوەکان.

هۆکاری سەرەکیی ئەم دواکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ وردبینیکردن لەلیستی موچە‌و پرسی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێم بەبەغدا له‌گه‌ڵ بونى كێشه‌ى سیویله‌ له‌وه‌زاره‌تى دارایی عێراق، حکومەتی هەرێمیش لیستی موچەی مانگی پێنجی ڕەوانەکردوەو ئێستا چاوەڕوانی ڕەزامەندیی کۆتایی وەزارەتی دارایی فیدراڵە بۆ ناردنی تەمویلەکە.