شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، "دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی بەمزوانە، تەنانەت لەدرەنگی ئەمشەودا، ئێران رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا پەسند بکات".
ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەیەکەمین سەردانیدا بۆ هیندستان، لەنیودەلهی ئاشكرایكرد، ئێران دەرفەتێكی زێڕینی لەبەردەمدایەو پێویستە جوان بیری لێبكاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتيشى، "رەنگە درەنگی ئەمشەو هەواڵی نوێمان هەبێت و رەنگەش نەبێت. هیوادارم هەواڵی نوێ هەبێت."
هەروەها وتیشی: "هەندێک پێشکەوتن بەدەستهاتووە. هەر ئێستا کە قسەتان لەگەڵ دەکەم، کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت. دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی شتێکمان هەبێت بیڵێین، چ درەنگانی ئەمڕۆ بێت، یان سبەی، یانیش لەچەند رۆژی داهاتودا".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ دوپاتیکردەوە کە ئەمریکا داوا دەکات ئێران بەتەواوی تەنگەی هورمز بکاتەوە، هەروەها داواش دەکات تاران یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی رادەست بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەمریکا "هەمیشە پێی باشە کێشەکانی لەم شێوەیە لەرێگەی چارەسەری دیپلۆماسی و دانوستاندنەوە چارەسەر بکات. ئێستاش کار لەسەر ئەمە دەکەین." جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەروەک سەرۆكی ئەمریكا رونیکردوەتەوە، درەنگ یان زوو ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت."
ئەمە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئاشكرایكرد، كە ڕەنگە سبەی یەكشەممە بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئێرانەوە پەسەند بكات.