شارپرێس:
عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنی ئابوریی
هەنگاو دەنێت بەڕاکێشانی 114 ملیار دۆلار وەبەرهێنانو داڕشتنی پلانێکی جیهانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
وشکەساڵی، دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانیش زەنگی دەستپێکی شۆڕشێکی پیشەسازییو ژینگەیی
لێدەدات کە تێیدا پشکی شێر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەبێت.
حەیدەر مەکیە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان،
نوێترین ئاماری گەشەی ئابوریی عێراقى ئاشکراکردو ڕایگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنان لەعێراق
گەیشتوەتە 114 ملیار دۆلار، هاوکات ئاماژەی بەچاکسازیی نوێ کرد کە ئەو ژمارەیە زۆرتر
دەکات.
مەکیە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی
(واع) ڕایگەیاند، کۆی گشتیی وەبەرهێنانەکان بەمشێوەیە دابەشبون، 67 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی
بیانی،
47 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ناوخۆیی.
جەختیشیکردەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی یاسایی لەسەرمایەکاندا
لەڕێگەن، کە دەبنە هۆی بەرزبونەوەی زیاتری قەبارەی وەبەرهێنانی کۆتایی لەوڵاتدا.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرایکرد، پلانێکی
گشتگیریان بۆ وەبەرهێنان لەکەرتی کەشوهەوادا داڕشتوە کە پێنج کەرتی زیندوو دەگرێتەوە
ئهوانیش (وزەی نوێبوەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئاوو داهێنانەکان)، ئەم پلانە کە لەنێوان
نیسانی 2024 بۆ شوباتی 2025 کاری لەسەرکراوەو لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پەسەندکراوە،
ئێستا گشتاندنى بۆ هەموو وەزارەتەکان پێكراوه.
مەکیە ڕونیکردەوە، "پلانەکە پڕۆژەی گرنگ بۆ
چارەسەری وشکەساڵیو گۆڕانی کەشوهەوا لەخۆدەگرێتو لەلایەن ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە
پشتیوانیدەکرێت، پلانەکەمان بۆ هەموو باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماسییەکان ناردوە، بەمەبەستی
ناساندنی پڕۆژەکان بەکۆمپانیا بیانییەکانو ڕەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێکردنیان".
