پاسداران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی خستەخوارەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئەمریکی لەجۆری MQ-1ی خستەخوارەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەوتەی تاران درۆنەکە سنورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتەی بەزاندوە، ئەم پەرەسەندنە نوێیە گرژییەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆنی گەیاندوەتە ئاستێکی مەترسیدار.


ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی ئێرانی بڵاویکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەر بەسوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، توانیویەتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئەمریکا لەجۆری (MQ-1) لەئاسماندا تێکبشکێنێت.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەمەبەستی ئەنجامدانی کارێکی دوژمنکارانەو پێشێلکاریی، هاتوەتە ناو سنورە ئاوییە هەرێمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستبەجێ دوای ناسینەوەیی‌و بەزاندنی هێڵە ئاسمانییەکان، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانج‌و لەئاسماندا ڕوبەڕوی پێکان‌و تێکشکاندن بوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە، فەرماندەیی سوپای پاسداران جەختیکردوەتەوە، تەواوی کایەی ئاسمانی ناوچەکەو سنورەکانی وڵاتەکە لەژێر چاودێریی‌و کۆنترۆڵی توندی ئەواندایە، هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی توندیان ئاڕاستەی لایەنە بەرامبەرەکان کردوەو ڕایانگەیاندوە، پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان هێڵی سورەو هەر جۆرە دەستدرێژی یان پێشێلکارییەک لەلایەن هەر هێزێکەوەبێت، بێ دودڵی ڕوبەڕوی وەڵامێکی زۆر توندو دەستبەجێ دەبێتەوە.

بەپەلە