بۆچی ترەمپ ڕەشنوسی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران واژۆ نەکرد؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان نێردراوانی وڵاتەکەی و ئێران لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی، گەڕێکی نوێی دانوستاندنی دەستپێکردووە کە پێدەچێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت. 

 
بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ دەیەوێت ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات بەڵام پێداگرە لەسەر توندکردنەوەی مەرجەکانی پەیوەست بە ماددە ناوەکییەکانی ئێران و پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز.

 کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترامپ تەنیا ڕێککەوتنێک قبووڵ دەکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت و ڕێگریی تەواو لە تاران بکات بۆ گەیشتن بە چەکی ناوەکیی.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هێشتا ڕەشنووسی کۆتایییان پەسند نەکردووە، لە کاتێکدا پێشتر ئەمریکا پێیوابوو تاران ئامادەی واژۆکردنە. 

لەدەقی ئێستای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا، ئێران تەنیا بەڵێنی نەهێشتنی هەوڵەکان بۆ چەکی ناوەکیی داوە، بەڵام بڕگەیەکی تێدایە کە (60) ڕۆژ مۆڵەت بۆ دانوستاندن لەسەر چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و کەمکردنەوەی سزاکان دیاری دەکات.

 

ترەمپ دەیەوێت وردەکاریی و خشتەی کاتیی ڕوونتر بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددە ناوەکییانە دابنرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە تەنزەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕانەوەی وەڵامی ئێرانییەکان نزیکەی (3) ڕۆژی دەوێت، چونکە ئەوان هێشتا لە ئەشکەوتەکاندا دەژین و ئیمەیڵ بەکارناهێنن.

 

ئیدارەی ئەمریکا گەشبینە کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە بێتە بەرهەم و ئامادەیە چاوەڕێ بکات تا ترەمپ داواکارییەکانی بەدەستدەهێنێت. 

لەم کاتەدا، میدیا فەرمییەکانی ئێران باسیان لە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنەکە و ئازادکردنی ملیاران دۆلاری بلۆکەکراو کردووە، بەڵام کۆشکی سپی بە توندی ئەو زانیارییانەی ڕەتکردۆتەوە و جەختی لەسەر کارە لەپێشینەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە و ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی کردۆتەوە.

بەپەلە