لەپێناو سەروەریی دیجیتاڵییدا.. ئەوروپا لەکۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا دوردەکەوێتەوە

ئابوری

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 72 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی بەهێزکردنی سەربەخۆیی دیجیتاڵیی خۆی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کۆمپانیا ئەمریکی و چینییەکان لە کەرتە ستراتیژییەکاندا، بەنیازی ڕاگەیاندنی پلانێکی نوێیە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی تەکنەلۆژی.

 
 ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە پاشەکشەی ئەورووپا لە پێشبڕکێی جیهانیدا زیادیان کردووە و دەیەوێت بەم شێوازە پێگەی خۆی لە ململانێی جیو-ئابووریدا بەهێز بکاتەوە.

ئێستا کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت و گووگل کۆنترۆڵی نزیکەی 70%ی بازاڕی دیجیتاڵیی ئەورووپایان کردووە، ئەمەش ترسی لای حکومەتە ئەورووپییەکان دروستکردووە کە لە کاتی سەرهەڵدانی هەر قەیرانێکدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان بە تایبەت لە کەرتی بەرگریدا پەکبخرێت.

 لە لایەکی تریشەوە، ئەورووپاییەکان هێشتا سزاکانی ساڵی ڕابردووی واشنتۆن بۆ سەر دادوەرانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییان لەیاد نەکردووە، کاتێک دادوەرێکی فەڕەنسی بەهۆی پشتبەستنی تۆڕەکانی پارەدان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، لە بەکارهێنانی کارتی بانکییەکەی بێبەش کرا.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا هۆشداریی داوەتە ئەورووپا لە گرتنەبەری سیاسەتی پارێزگاری لە بازاڕ و باڵیۆزی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە سنووردارکردنی دابینکەرە ئەمریکییەکان لە بواری ژیریی دەستکرد و دیجیتاڵییدا، ئەورووپاییەکان لە داهێنانەکان بێبەش دەکات.

پلانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەورووپا پڕۆژەی پەرەپێدانی ژێرخانی ستراتیژیی وەک سەنتەری داتاکان، پڕۆژەیاسایەک بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی نیمچەگەیەنەرەکان، و بەرفراوانکردنی بەکارهێنانی نەرمەکاڵا سەرچاوەکراوەکان لە دامەزراوە گشتییەکاندا دەگرێتەوە.

 بەرپرسانی ئەورووپاش جەخت دەکەنەوە کە ئامانجیان داخستنی بازاڕ یان بەئامانجگرتنی هاوبەشە بازرگانییەکانیان نییە، بەڵکو دەیانەوێت ڕێگریی لە پشتبەستنی پێکهاتەیی بە لایەنە دەرەکییەکان بکەن.