بەختیار ئەحمەد ساڵح
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT) لەژێر سایەى سەرۆکایەتی ئیبراهیم کاڵن گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەخۆیەوە بینیوە؛ گۆڕانکارییەک کە تەنها لە سەر ئاستی ڕێکخستن و بەڕێوەبردندا نەبووە، بەڵکو دۆکترین و ئاراستەی کاریی دەزگاکەشی گۆڕیوە.
کاڵن لە کۆبوونەوەی «Strategic Communication Summit 2026» ڕایگەیاند کە MIT چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە لەسەر پێنج بنەمای سەرەکی دامەزراوە: هەواڵگریی پێشوەخت، ئاسایشی سایبەری و زیرەکی دەستکرد، دیپلۆماسیی هەواڵگری، دروستکردنی ئەکادیمیاى هەواڵگرى تورکیا، و بەهێزکردنی کارایی ئۆپەراسیۆنە ڕێکخراوەکان.
هەواڵگریی پێشوەخت؛ لە وەڵامدانەوە بۆ پێشگرتن
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان، گواستنەوەی MIT بووە لە مۆدێلی وەڵامدانەوە دوای ڕوودان بۆ مۆدێلی پێشبینی و پێشگرتن لە دروست بوونى ڕووداو. بە پێی وتەکانی کاڵن، ئامانجی دەزگاکە ئەوەیە هەڕەشەکان پێش ئەوەی ببن بە مەترسییەکی ڕاستەقینە، بناسرێن و بەر لە بوون بە هەڕەشە لەناوببرێن. ئەم ڕێبازە پشت بە شیکردنەوەی داتای زەبەلاح و زیرەکی دەستکرد دەبەستێت، نەک تەنها کۆکردنەوە و هەڵگرتنی زانیاری.
وڵاتی سایبەری؛ سنوورە نوێیەکانی بەرگری
لە دۆکتڕینی نوێدا، کاڵن چەمکی وڵاتی لە سنوورە جوگرافییەکان فراوانتر کرد. لە روانگەی MIT، سێرڤەرەکان، ناوەندەکانی داتا، تۆڕەکانی پەیوەندی و تەنانەت مۆبایلەکانی هاوڵاتیانیش بەشێکن لە خاکی نیشتمان. بەو پێیە، تورکیا لە بوارە سایبەرییەکەدا لە دۆخی بەرگرییەوە بۆ دۆخی هەنگاونان و پێشگرتن گواستراوەتەوە.
دیپلۆماسیی هەواڵگری؛ MIT وەک ناوەندی ناوبژیوانی
لە ژێر سەرۆکایەتی کاڵندا، MIT لە دەزگایەکی تەنها کۆکەرەوەی زانیارییەوە بوو بە ئامرازێکی چارەسەری قەیران و ناوبژیوانی. ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە ئیستەنبوڵ ببێتە شوێنێکی سەرەکی بۆ دیدارە نهێنییەکانی دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان، تەنانەت ئەو دەزگایانەی کە لە مەیدانی شەڕدا دژ بە یەکترن. بە پێی هەندێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی، ئەم ئاراستەیە بە دیدگای کاڵن ناسراوە و ڕۆڵی گرنگی لە هەوڵە ناوبژیوانییەکانی تورکیا لە دۆسیەکانی ئۆکرانیا، غەززە و ئەفغانستاندا هەبووە.
بەردەوامیی میراتی هاکان فیدان
سەرەڕای گۆڕانکارییەکان، کاڵن خۆی بە درێژەپێدەرى هاکان فیدان دەناسێنێت. فیدان لە ماوەی سەرۆکایەتیی خۆیدا MITی کردبوو بە یەکێک لە چالاکترین دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە. کاڵن ئەو توانایانەی کردووەتە بەشێک لە ستراتیژیی دیپلۆماسیی و کاریگەریی سیاسیی تورکیا، بە تایبەتی لە دۆسیە نێودەوڵەتییە هەستیارەکاندا.
ڕێککەوتنی ئەنقەرە؛ مانۆڕی هەواڵگریی جیهانی
لە ١ی ئاب ٢٠٢٤، MIT یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گۆڕینەوەی زیندانیانی هەواڵگری لە دوای جەنگی سارد بەڕێوەبرد. لەو ئۆپەراسیۆنەدا، ٢٦ زیندانی لە نێوان حەوت وڵاتدا گۆڕدرانەوە. حەوت فڕۆکە لە یەک کاتدا لە فڕۆکەخانەی ئیسەنبوغای ئەنقەرە نیشتنەوە و نوێنەرانی CIA، هەواڵگریی ڕوسیا و ئەڵمانیا زیندانییەکانى خۆیان وەرگرتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن ئیبراهیم کاڵن بە شێوەیەکی تایبەت سەرپەرشتیی گفتوگۆ نهێنییەکانی کردووە بۆ سەرکەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە.
بەرەو ئەکادیمیای هەواڵگریی تورکی
یەکێکی تر لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی کاڵن دامەزراندنی ئەکادیمیای نیشتمانیی هەواڵگری بوو. ئامانج تەنها پەروەردەکردنی کارمەندی هەواڵگری نییە، بەڵکو دروستکردنی نەوەیەک لە بیرمەند و ستراتیژیستە تورکەکانە. لە چوارچێوەی ئەم دیدگایەدا، MIT هەوڵ دەدات چەمک و زاراوە هەواڵگرییەکانی خۆی دروست بکات و پشت کەمتر ببەستێت بە خوێندنگە ئەمریکی، بەریتانی و ڕوسییەکان. عەقیدەی نوێی دەزگاکەش لەسەر تێکەڵکردنی مرۆڤ، زیرەکی دەستکرد دامەزراوە.
کۆتایی
زۆربەی چاودێران پێیان وایە گۆڕانکارییەکانی ئیبراهیم کاڵن، MIT -ى لە دەزگایەکی هەواڵگریی کلاسیکەوە بەرەو مۆدێلێکی نوێ بردووە کە تێیدا هەواڵگری، دیپلۆماسی، سایبەر و زیرەکی دەستکرد بە یەک ستراتیژیی هاوبەش کۆکراونەتەوە؛ هەنگاوێک کە دەکرێت کاریگەریی لەسەر ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکە و جیهاندا هەبێت.