وەزارەتی كارەبا سێ ملیار دینار داشكاندن بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 672 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕی 3 ملیار دینار داشکاندن بۆ نزیکەی 118 هەزار هاوبەشی ماڵان دەگەڕێنێتەوەو دەشڵێت،  ئەم ڕێكارانە بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی پسوڵەكردنە.

 
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بڕی داشکاندنی 3 ملیار دیناریان گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لەرێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوڵەکردن.

ئاماژەشی داوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لەپڕۆسەی پسوڵەکردن، سیستەمی نوێی پسوڵەکردن نزیکەی 118,000 هاوبەشی ماڵانی دیاریکردوە کە بەتەواوی لەداشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی ڕوناکی سودمەندنەبون.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم باسی لەوەش کردوە، هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لەپسوڵەی مانگەکانی داهاتوی پڕۆژەی ڕوناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕوناکی بۆ ئەژماردەکرێت، ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردوە لەپڕۆژەی ڕوناکی لەرێگەی کورتەنامە ئاگاداردەکرێنەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 5.5 ملیۆن هاوڵاتی کە زیاترە لە 85%ـی هاوڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەرێگای پڕۆژەی ڕوناکی.

مانگی تشرینی دوەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕوناکی ڕاگەیاند بەمەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لەئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.