جوڵەی نوێ ده‌ستیپێكرد.. ئێران‌و سعودیه‌ كۆبونه‌وه‌

جیهان

03/06/2026‌ 1173 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرانی دەرەوەی ئێران‌و سعودیە لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دواین پێشهات‌و ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تاووتوێکرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن.


عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان هاوتا سعودیەکەی ئەنجامدا، به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوی فەرمی ئاژانسی هەواڵی ئێران، لەو په‌یوه‌ندیه‌دا گفتوگۆی چڕکراوه‌ لەسەر دواین ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان بەئامانجی خاوکردنەوەی بارگرژییەکان‌و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە، وه‌كو جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، ئەم پەیوەندییەش لەچوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی تاراندایە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.

لەکاتێکدا کە ناوچەکە لەدۆخێکی هەستیاردایە، پێشهاتی گرنگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئاشکرابون، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەتوندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوەستانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکاو ئێران دەکردو ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان بەردەوامییان هەیه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن ئاشکرایکردوه‌، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران دەستیانپێکردوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێش چەند کاتژمێرێک، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گفتوگۆکانیان هەڵپەساردوە.