شارپرێس:
لەکاتێکدا جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا بەهۆی بەکارهێنانی سەدان هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەقووڵایی خاکی ڕوسیادا پێ دەنێتە قۆناغێکی بێپێشینەی ئاسمانییەوە، تاکتیکەکانی کیێڤ کە ڕۆژگارێک ئیلهامیان لەجەنگی دژی داعشی ساڵی 2014 لەعێراق وەرگرتبوو، ئێستا گۆڕاون بۆ شۆڕشێکی پیشەسازیی گهورهى سەرپشک بەژیریی دەستکرد کە تێیدا تەنها لەماوەی 12 کاتژمێردا، ئاسمانی ناوچەکە شاهیدی تێکشکانی شەپۆلێکی توندی 158 درۆنی ئۆکرانی بوو.
لەیەکێک لەچڕترین شەپۆلەکانی هێرشی ئاسمانیی درۆنیدا، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئاشكرایكردوه، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە لەماوەی تەنها 12 کاتژمێردا، 158 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لەجۆری باڵی جێگیر تێکبشکێنن.
بهگوێرهى بەیاننامە فەرمییەکەی مۆسکۆ، ئەو هێرشە بەرفراوانەی کیێڤ بەمەبەستی پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکان بوە لەناوچە سنورییەکانو ناوجەرگەی ڕوسیادا، درۆنەکان لەئاسمانی ئەم ناوچانەدا خراونهته خوارهوه، (بێلگۆرۆد، بریاسک، کالۆگا، کورسک، ئۆریۆل، سمۆلێنسکو تولا)، ههروهها کۆماری قرمو کەناراوەکانی بەشێکی سەرەکیبون لەئامانجی ئەو هێرشە چڕە.
وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لەکۆتایی بهیاننامهكهیدا ئاماژەی بەوەکردوە، هاویشتنی ئەو ژمارە پێوانەییە لەدرۆن لەماوەیەکی کورتدا، سەلمێنەری بڕیاری بەردەوامی ئۆکرانیایە بۆ بەکارهێنانی چڕی چەکی ئاسمانی بەمەبەستی لێدانی قووڵایی خاکی ڕوسیاو شڵەژاندنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
لەکاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا لەساڵی 2022دا، هێزەکانی کیێڤ پشتیان بەتاکتیکو ئەزمونە کۆنەکانی عێراق بەست کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی دژی گروپى تیرۆریستی داعش لەساڵی 2014دا سەریانهەڵدا، کە تێیدا بۆ یەکەمجار درۆنە بچوکە بازرگانییەکانو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دەستکاریکراوەکان وەک چەکێکی کاریگەر لەدژی ئامانجە زەمینییەکان بەکارهێنران.
ئەو بەکارهێنانە سەرەتاییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوە ئیلهامبەخش بۆ سوپای ئۆکرانیا تا شۆڕشێکی ڕاستەقینە لەپیشەسازیی سەربازیی ئاسمانیدا دروستبکات، بەجۆرێک کە لەسەرەتای جەنگەکەوە تا کۆتایی ساڵی 2024، ئۆکرانیا زیاتر لەسێ ملیۆن درۆنی جۆراوجۆری (لەوانە درۆنەکانی FPV، درۆنی خۆکوژو درۆنەکانی باڵی جێگیر بۆ قووڵایی خاک) بەرهەمهێناوەو بەکارهێناوە.
شارهزایانى سهربازیى پێیانوایه، ئەم بازدانە گەورەیە وایکرد، تەنها لەماوەی ساڵانی 2025و تائێستاى 2026دا، ژمارەی ئەو درۆنانەی کە ئۆکرانیا ڕۆژانەو مانگانە لەدژی ڕوسیا دەیانخاتەگەڕ، بگاتە سەدان هەزار درۆن کە گەورەترینو دوایین نمونەشیان هێرشە بەرفراوانەکەی دوێنێ 2ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بوو کە تێیدا تەنها لەماوەی نیوەی ڕۆژێکدا بەدەیان درۆنی پێشکەوتوو بۆ لێدانی قووڵایی خاکی ڕوسیا بەکارهێنران.
شێوازی بەکارهێنانی درۆنەکان لەساڵی 2014و لە سەردەمی شەڕ دژی داعشەوە تاوەکو جەنگی ئێستای نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا لەساڵی 2026، گۆڕانکاریی سەمەرەو بنەڕەتی بەخۆوە بینیوە، بۆ نمونه سەردەمی داعش (2014) درۆنەکان بەشێوازی تاک یان جوت بەکاردەهێنران، زۆرجار تەنها بۆ پێکانی یەک ئامانجی دیاریکراو وەک هێزە پیادەکان یان ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، بهڵام ئێستا تاکتیکەکە گۆڕاوە بۆ هێرشی بەکۆمەڵو چەندقۆڵی، دەیان درۆن لەیەککاتداو لەچەندین گۆشەی جیاوازەوە دەخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی (وەک هێرشەکەی دوێنێى 2ی حوزەیران بۆ سەر ڕوسیا) سەرقاڵو پەکبخەن.
سەردەمی داعش پشت بەدرۆنە بازرگانییە سادەکان (وەک جۆری DJI Phantom) دەبەسترا، کە لەبازاڕەکاندا دەستدەکەوتنو لەڕێگەی لکاندنی بۆمبی بچوک یان نارنجۆکەوە دەستکاری دەکران، بهڵام ئێستا درۆنەکان بونەتە چەکی سەرەکی، ئەم درۆنانە بەتایبەتی بۆ جەنگو خۆکوژیی بەخێراییەکی ئێجگار بەرز بەرهەمدەهێنرێن، كامێراى تایبهتو كوالێتى بهرزیان تێدا جێگیركراوهو بەوردی ئامانجهكان دەپێکن.
ههروهك باس لهوهشدهكرێت، لهسەردەمی داعشدا، مەودای فڕینی درۆنەکان زۆر کورتبوو، زۆرجار تەنها یهك بۆ پێنج کیلۆمەتر بوو، پێویستبوو بەڕێوەبەری درۆنەکە لەهێڵی پێشەوەی شەڕو لەنێوان کێڵگەی مەترسیدابێت، بهڵام ئێستا درۆنە باڵ جێگیرەکانی ئۆکرانیا دەتوانن قووڵایی خاک ببڕنو زیاتر لەههزار کیلۆمەتر بفڕن بۆ لێدانی پاڵاوگەکانی نەوت، فرۆکەخانە سەربازییەکانو بنکە ستراتیژییەکانی ناوخۆی ڕوسیا.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، لهسەردەمی داعشدا درۆنەکان سیستمی پاراستنیان نەبوو، بەئامێری سادەی جەنگی ئەلیکترۆنی یان تەنانەت بەتەقەی تفەنگ دەخرانە خوارەوە، بهڵام ئێستا جەنگێکی توندی ئەلیکترۆنی هەیە، درۆنەکانی ئێستا خاوەنی ژیریی دەستکردن (AI)ن، ئەگەر هێڵی پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیان بپچڕێت، درۆنەکە خۆکارانە لەڕێگەی ناسینەوەی وێنەییەوە دەچێت تانکی یان ئامانجەکەی دەپێکێت.
